گەمییەکەی خارۆن؛ یەکەم شانۆنامەی بەیان سەلمان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەفتەی پێشوو دوای ئەزموونێکی زۆر لە دونیای گێڕانەوە و نووسیندا، نووسەر و وەرگێڕ خاتوو بەیان سەلمان یەکەم شانۆنامەی خۆی بەناونیشانی “گەمییەکەی خارۆن” لە دوتوێی (138) لاپەڕەدا لە ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوکردەوە. شانۆییەکە بە سوودوەرگرتن لە کەسایەتییەکی نێو ئەفسانەیەکی کۆنی نووسراوە و نووسەر لەبارەی شانۆییەکەوە دەڵێت: خارۆن کەسایەتییەکی نێو ئەفسانەکانی گرێکە، بەرپرسی گەیاندنی ڕۆحی مردووەکانە. هەر یەکێکیان کە دەگەنە کەناری ڕووبارێکی دۆزەخەکان، بەرانبەر بە دراوێکی زێڕ دەیانپەڕێنێتەوە. دەبێ بڵێین کە لە سەردەمی گرێکەکان دۆزەخ بە کۆ هاتووە، بەشێکی لێ جیاکراوەتەوە و وەک باخچەکانی بەهەشت لێکدراوەتەوە..” نووسەر زیاتر لەبارەی وردەکاری تێمەی شانۆییەکەوە دەدوێت و دەڵێت “هەریەکێک لەو ڕۆحانەی دەگەنە ئەوبەری ڕووبارە، لەوێ جێگیر دەبن، لێرەوە گەمەی خەیاڵ دەستپێدەکات. ئەو کاراکتەرانە نازانن ئایا ئەوان مردوون، یان زیندوو و پرسیاری ئەوەیان لا دروست دەبێت ئایا خارۆن مردووە؟”

شانۆییەکە لەسەر دوالیزمی نێوان زیندووێتی و مردن ئیش دەکات و نووسەر لەم پرسیارەوە دەپەڕێتەوە بۆ گەلێک پرسیاری دیکەی تایبەت بە ژیان و بوونی مرۆڤ. لە شانۆییەکەدا خارۆن، کە بۆ کەسیان ڕوون نابێتەوە مەبەستی ڕاستەقینەی لەو پرسیارە سەیرانە چییە؟ ئەو وا دەرەکەوێت کە بۆ بەسەربردنی کاتی بێزاری پێشنیاری لێکدانەوەی پرسیارێکیان دەکات. لەوێوە گەمەی کاراکتەرەکانیش تێکەڵ بەوەی خارۆن دەبێت. لەو دەوری گەڕانە بۆ وەڵامێکی گونجاو هەموویان چەند بەر وەڵامێکی تر دەکەون و هەوڵ دەدەن لە نێوان خۆیان لێکی بدەنەوە و تاوتوێی بکەن. بەڵام چارەنووسی خاروون و ئاراکتەرەکانی دیکە بە کوێ دەگات؟ ئەمە پێویستە خوێنەر خۆی بە دوای تێکستەکە بکەوێت و ئەو پرسیارە بوونگەریانەی نووسەر خستوویەتییەڕوو لە ڕوانگەی کۆمەڵێک کەسایەتی جیاوازەوە بە وەڵامەکانیان ئاشنا بێت.
ئەمەش بەشێکی کورت لە ”گەمیەکەی خارۆن”:
خارۆن: (چراکــەی هەڵدەبڕێــت و دەنگــی بــەرز دەکاتــەوە) بــا هیـچ کـەس هەڵتـان نەخەڵەتێنێـت و نەکـەن کەسـتان بـە ئـەم لایـەدا بێـت. دەبـێ دیسـان بگەڕێمـەوە. جـارێ بـۆ وەڵام بگەڕێــن. بەڕاســتی هیچــکات ڕۆحگەلێکــی وەکــو ئێــوەم نەگەیانــدووە! دز و گــەدا و پۆشــتە و خــودی ئـەوەی ئێـوە بـە شـەیتان نـاوی دەبـەن بەڕێـم کـردن، هیــچ دەســتەیەکی بــێ ئۆقــرەی وەکــو ئێــوەم تــووش نەبــوو! ئێــوە لەنــاو دونیــای خۆتانــن و بــێ ئــاگان لەوانــەی وەکــوو گــەڵای پایــز لــە گۆڕەپانــی جەنگــدا دەکـەون.. بـەڵام نازانـم ئـەم زۆربڵێیـەی منیـش دەیکـەم سـوودی چیـیە! دەبـێ بـڕۆم ئـەم ژەمـە بیانهێنـم ئەگینـا ئەوەنــدە کەڵەکــە دەبــن لــە گەمیەکەمــدا جێیــان نابێتــەوە. دیســان پێچێــک دەداتــەوە و ئــەوێ بەجێدەهێڵێــت. ئەوانــی تریــش بــە مەلوولــی دەکشــێنەوە.

ھەواڵی زیاتر