شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

وەزارەتی تەندروستی: نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئاب ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی تەندروستی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و کۆیەی لەبارەی نەخۆشیی” ئاوڵەی مەیموون”ەوە کردووە، زانیارییەکان و گومانی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە و رێککارەکانی خۆپارێزی و چەندین رێککاری دیکەی باسکردووە.

تائێستا هیچ تووشبوویەکی نەخۆشییە نوێیەکەی “ئاوڵەی مەیموون” لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار نەکراوە. وەزارەتەکە دەڵێت ماوەی کارکردنی نەخۆشییەکە لەنێوان 6 بۆ 13 رۆژە و پێنج شێوازی گواستنەوەی نەخۆشییەکەی خستووەتەڕوو.

بەپێی گشتاندنەکە مەترسیی نەخۆشییەکە بۆ هەندێک کەس لەوانە منداڵانی زۆر بچووک، ژنانی دووگیان، کەسانی بەساڵاچوو یان کەسانی بەرگری لاواز زیاترە تاوەکو کەسانی دیکە.

وەزارەتی تەندروستیی کوردستان، داوای جیاکردنەوەی هەر نەخۆشێک دەکات گومانی تووشبوونی بە نەخۆشییەکە هەبێت، جگە لەوەی بە پێویستی دەزانێت لەو کاتەدا دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەگەری بوونی حاڵەتی هاوشێوەش بکرێت.

رێنمایی و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی نەخۆشییەکە:

بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ”ئاوڵەی مەیموون” تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.

تاوەکو ئێستا نەخۆشییەکە لە 12 وڵاتی ئەفریقا بەچڕی بڵاوبووەتەوە و زۆرترین تووشبووش لە کۆماری کۆنگۆیە، هەروەها لە هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، سوێد و فلیپین تووشبوو تۆمارکراون.

 نەخۆشیی ”ئاوڵەی مەیموون” چییە؟ 

نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاوازدەبێت و نامێنێت.

رێگەکانی گواستنەوەی ”ئاوڵەی مەیموون”

– بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو

– دەستلێدان 

– ماچکردن

– سێکسکردن

– بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو

نیشانە و لێکەوتەکانی ”ئاوڵەی مەیموون”

– تا و بێهێزی

– پەڵەی پێست

– سەرئێشە

– ئازاری ماسوولکەکان

– ئاوسانی لیمفەگرێیەکان

– هەوکردنی تووندی سییەکان

– هەوکردنی مێشک 

– ژەهراویبوونی خوێن

رێگەکانی پێشگیری لە ”ئاوڵەی مەیموون”

– وەرگرتنی ڤاکسین 

– دەستشۆردنی بەردەوام

– دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە

– دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو

– سێکسی تەندروست