سەرووی هەزار و سەد مووەلیدە لەناو شاری هەولێر هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەڵمەتێکی گرنگ بۆ ڕێکخستنی مووەلیدەکانی گەڕەک دەستی پێ کردووە و لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕێنماییدا پێویستە ئەو خاوەن مووەلیدانە خۆیان ڕێک بخەنەوە و لەئەگەری سەرپێچی و جێبەجێنەکردنیاندا سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت و بۆ هەر جۆرە سەرپێچییەکیش بڕێکی دیاریکراو سزای مادی دەستنیشان کراوە.

مووەلیدەکانی گەڕەک ئەگەر لە دابینکردنی بەشێکی بەرچاو لە کارەبای ماڵەکان ڕۆڵیان هەبێت و بۆشایی و پچڕانی کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان پڕ بکەنەوە و یارمەتیدەرێکی گرنگ بن بۆ فێنککردنەوەی ماڵەکان لەم وەرزە تاقەتپڕووکێنەی گەرما، ئەوا لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی زۆریشیان هەیە لە پیسکردنی ژینگە لە ڕێی ئەو دووکەڵ و ژاوەژاو و ڕۆنە پیسەی دەری دەکەنە دەرەوە.
زۆریی ژمارەی مووەلیدەکان لە لایەک و هەندێک جار کەمیی چاودێری یان کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان هۆکار بووە لەوەی ژمارەیەک لەو مووەلیدە ئەهلییانە ڕەچاوی ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە نەکەن و هۆکار بن لە پیسترکردنی ژینگە لەسەرووی ئەو ستانداردەی بۆیان دیاری کراوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی لە سەردەمی پارێزگاری کۆچکردووی پێشوو، دکتۆر فرسەت سۆفی لە هەولێر جێبەجێ کرا ئەوە بوو پێویستە تەواوی مووەلیدەکانی گەڕەک کاتم سەوت یان ئامێری کەمکردنەوەی دەنگ، بەکار بهێنن کە بە تایبەت ئەو ماڵانە هەراسان ببوون کە لە نزیکی مووەلیدەکان هەڵکەوتبوون. بڕیارەکە بە باشی جێبەجێ کرا و ڕۆڵی کاریگەری لەو ڕووەوە بینی هەر چەندە ژمارەیەک مۆلیدە ڕێنماییەکانیان جێبەجێ نەکردووە و لەم دواییانەدا لە ژێر هەڵمەتێکی تری پاراستنی ژینگەدا بە هاوکاریی لایەنە پێوەندیدارەکانی دیکە دەست بە سەپاندنی ڕێنماییەکان کراوە.
بەپێی نوێترین ڕێنمایی کە لە لایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەرچووە کۆمەڵێک سزای قورس بۆ خاوەن مووەلیدەکانی گەڕەک دیاری کراوە ئەگەر ڕەچاوی ڕێنماییەکان نەکن.
رێنماییەکان کە دوێنێ لە لایە دەستەکە بڵاو کرایەوە لە شەش خاڵ پێکدێن و بۆ هەر پێشێلکارییەکیش سزای تایبەت بەخۆی دیاری کراوە. یەکێک لەو ڕێنماییانەی کە پێویستە خاوەن مووەلیدەکان جێبەجێی بکەن ئەوەیە دەبێ شوێنەکە سەوزایی هەبێت یان لە بری دار بچێنێت و بە جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕێنماییە سێسەد تا پێنجسەد هەزار دینار سزا دەستنیشان کراوە.
بۆ هەبوونی ژاوەژاو یان جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕێنماییەی لە لایەن پارێزگاری پێشووی هەولێرەەوە دەرچووە ئەوا خاوەن مووەلیدە بە پێنجسەد هەزار دینار سزا دەدرێت.
ئەو مووەلیدانە دەبێت نوێ بن و لە کاتی بەرهەمهێنانی کارەبادا دووکەڵی پیس نەخەنە ژینگەوە و هەر مووەلیدەیەک دووکەڵ بکات ئەوا بە بڕی یەک ملیۆن تا یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار سزا دەدرێت. جگە لەمە ئەو زەوییەی مووەلیدەکەی لەسەر بنیات نراوە دەبێت کۆنکرێت کرابێت ئەگەرنا بۆ ئەو سەرپێچییەش پێنجسەد هەزار دینار دەسەپێنرێت.
سنووری مووەلیدەکە دەبێت دیواری بۆ ڕاکێشرابێت و نابێت مووەلیدەکە بێ پەڕژین بێ و پێویستە دیواری هەبێت کە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ژاوەژاویش هەیە و جێبەجێنەکرانی ئەو ڕێنماییە یەک ملیۆن دینار سزای بۆ دیاری کراوە.
پێویستە خاوەن مووەلیدەکان زۆر وریا بن لەوەی دەوروبەری مووەلیدە بە گازوایل و ڕۆن پیس نەکەن و بە پاک و خاوێنی دەوروبەری مووەلیدەکەیان بپارێزن و لە ئەگەری ئەو سەرپێچییەش پێنجسەد هەزار دینار تا یەک ملیۆن دینار سزای دارایی دەستنیشان کراوە.
فەرمانگەکانی ژینگە و لیژنەکانی پێوەندیدار بە ژینگە ماوەیەکە چالاکییەکانیان بۆ چاودێریکردنی مووەلیدەکان و پڕۆژەکانی تری پێوەست بە پیشەسازی و کارگەکان پەرە پێ داوە و سزای سەرپێچکاران دەدەن.
بە هەزاران مووەلیدە لە هەرێمی کوردستان هەن کە ڕۆڵیان هەیە لە پیسکردنی ژینگە و تەنیا ژمارەی مووەلیدەکانی ناو شاری هەولێر دەگاتە سەرووی هەزار و سەد مووەلیدە و ئەو ژمارە زۆرە مووەلیدەیە ئەگەر لە ژێر چاودێریی چڕی لایەنە پێوەندیدارەکاندا کار نەکەن و پێش بە سەرپێچییەکانیان نەگیرێت ئەوا ڕاستەوخۆ کەشوهەوا و تەندروستیی خەڵکیش دەخەنە مەترسییەوە.
ماوەی ڕابردوو لە لایەن پارێزگاری هەولێریش هەڵمەتێک ڕێک خرا بۆ ئەوەی لە دەرەوەی شارەکان پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن و بە مەرجێک ڕێی کارکردنیان پێ بدرێت کە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا کار بکەن، لەو ماوەیەدا لیژنەکان هەندێک پاڵاوگەیان داخستوون و هێشتا دەرەنجامەکانی ئەو بڕیارە بە تەواوی دەرنەکەوتووە.
هاوکات لەگەڵ ڕێگرییەکان بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکان لە هەمان کاتدا چالاکییەکان بۆ پەرەپێدانی سەوزایی بە تایبەتی لە هەولێری پایتەخت زیادی کردووە و پلان هەیە تا كۆتایی ئەمساڵ، ڕێژەی داری چێنراو لە هەولێر بگاتە نیو ملیۆن دار.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ڕایگەیاند لە پێناو پاراستنی سەوزایی شار، هەڵمەتێكی گەورەی كاركردنیان لە سنووری شارەوانییەکانی یەك تا شەشی هەولێر ڕاگەیاندووە. لە هەڵمەتەكەدا زیاتر لە سێسەد و شەست و پێنج پارك و باخچە، سەد و دە دوورگەی ناوەندی و پەنجا نافوورە، كاری ڕێكخستن و خاوێنكردنەوە و جوانكاری و كارپێكردنەوەی نافوورەكان و ڕووناككردنەوەی پاركەكان دەگرێتەوە.
هەڵمەتەکانی نەهێشتنی پیسی و ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە، شانبەشانی پەرەپێدانی سەوزایی دەتوانێت کاریگەریی زۆر خێرای بۆ سەر ژینگەی کوردستان هەبێت.

ھەواڵی زیاتر