مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی 16ی ئاب، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.
لە پەیامە پیرۆزباییەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە “لەیادی حەفتا و ھەشت ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەین”.
لە پەیامەكەدا هەروەها هاتووە “ئەمڕۆ کوردستان لە ھەر کاتێک زیاتر پێویستی بە ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی ڕیزەکانی ھەیە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، لەپێناوی چاککردن و گەشەپێدانی زیاتری حوکمڕانی ھەرێم لە ڕێی ئاوەدانی ئیستحقاقە نەتەوەیی و مافە دەستوورییەکانمان لە عێراقی فیدڕاڵدا”.
لە پەیامە پیرۆزباییەكەی یەكێتی بۆ پارتی هاتووە “بێگومان ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستانیش دەرفەتێکی باشە بۆ نوێکردنەوەی ئەزموونی دیموکراتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان کە ئامانجی بنەڕەتی کوردایەتی و خەباتی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە”.
لە كۆتایی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوەشدراوە “مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئومێد دەکات، یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە فاکتەری پتەوکردنی گیانی ھاوکاری و لێک تێگەیشتنی زیاتری نێوان گشت لایەنەکان، بە ھەردوو حزبیشەوە” .
سبەی هەینی 78 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە رێكەوتی 16ی ئابی ساڵی 1946 بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا