ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستێڤ بیتنەر, كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا كە مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی كونسوڵی نوێی ئەمەریكا هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمەریكا هەبوو لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.
لەو دیدارەدا “سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەل و حكوومەتی ئەمەریكا كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە بە تایبەت لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ كوردستان لەدوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە 1991 و ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق لە 2003 و هەروەها یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا”.