پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی مێژوویی قەیسەریی هەولێر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەو پرۆسەیەش پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار تەرخان کراوە.
چوارشەممە 14ـی ئابی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، بە پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار لە سەر بودجەی پاریزگای هەولێر، کارەکانی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی مێژوویی و فەرهەنگی قەیسەریی هەولێر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و ڕۆژانەش لێژنەیەک لە پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە دەکات.
پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە بازاڕەکە لە نزیکترین کاتدا نۆژەن بکرێتەوە، تاکو بە ڕووی هاوڵاتییان بکرێتەوە و کاسبکارانیش دەست بە کار و کەسابەتی خۆیان بکەنەوە.
شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.
دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.