حکوومەتی عێراق جیاکاری دەکات لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ سی و چوار ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و سی و هەشت ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی خانەنشیناندا تێدەپەرێت و سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیست و چوار ڕۆژە لیستی مووچەی ڕەوانە کردووە هێشتا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان. دواین قسەی وەزیری دارایی لە میانەی بانگهێشتی دوێنێکەی بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوە بووە تا ڕۆژی پێنجشەممە مووچە ڕەوانە دەکات و نەیتوانیوە هیچ بیانوویەکی لۆجیکی و یاسایی بۆ دواخستنی مووچەی هەرێم بداتە ئەندامانی لیژنەکەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگەکانی ڕابردوودا هیچ بیانوویەک نەما بە هەرێمی کوردستانی نەگرێت کە وەک هۆکاری دواخستنی مووچە بەردەوام بڵاو دەکرایەوە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداش لەو گوشارانە هاوکار بوون و سەرزەنشتی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، جارێکیان داوای لیستی مووچەیان کرد بەڵام حکوومەت بە کۆد ناردی و گوتیان تا ناوی سییانی فەرانبەرانیان لانەبێت ئەوا ناتوانن وردبینی تێدا بکەن، ئەوجارە وەزارەتی دارایی ناوەکانیشی ڕەوانە کرد و گوتیان هەندێک ناوی تێدایە کە کێشەیان لەگەڵیدا هەیە، دواتر بیانووی ئەوەیان گرت کە ناوەکان بە سیدی نەنێردراون و جارێکی تر داوایان کرد بە کاغەزیش بنێردرێت، جارێک داوای ناوی چواری و جارێکی دیکە ناوی دایکی مووچەخۆران و هەر ئەوە ماوە داوای ناوی سییانی دەر و دراوسێش بکەن.
دواین بیانوو کە مانگی ڕابردوو بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گیرا ئەوە بوو لیستی مووچە لە کاتی خۆیدا ڕەوانە ناکات و کاتی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی وردبینی لە لیستەکەدا بکەن. دواتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێی تەمووز داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان کردبوو لیستی مووچە ڕەوانە بکرێ هیچ مانگێک لە ١٠ی مانگەکە تێنەپەڕێت.
وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢١ی تەمووز لیستی مووچەی مانگی تەمووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرد. وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕەوانە کراوە.
مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە چواری تەمووز یەکەم وەجبەی مووچەی ڕەوانە کرد کە هی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بوو و لە شەشی مانگەکە دەست بە دابەشکردنی کرا. وەجبەی دووەمی مووچەی فەرمانەرانی هەرێمی کوردستان کە وەجبەی تەواوکاری بوو لە نۆی تەمووز ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرا و لە ڕۆژانی یازدە و دوازدەی مانگەکە مووچەی فەرمانبەران دابەش کرا.
دوێنێ سێشەممە کە تەیف سامی وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵی و چەند وەزیر و بەرپرسێکی تری حکوومەتی فیدراڵی لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە بانگهێشت کرابوون، نەتوانرا هیچ بیانوویەکی لۆجیکی بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە و بە گوتەی خەلیل دۆسکی ئەندامی لیژنەکە کە لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بووە وەزیری دارایی گوتوویەتی تا پێنجشەممە مووچە فەرمانبەران و خانەنشینان دەنێردرێت و مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشیش هێشتا وردبینییەکەی بەردەوامە و هەر کاتێک تەواو بوو دەنێردرێت.
ئەوەی لانی کەم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوون بووەتەوە ئەوەیە بیانووەکانی بەغدا بێ بنەمان و ئەوەندەی گوشارەکان سیاسین یاسایی و لۆجیکی نین، لەو ماوەیەدا کەم نەبوون ئەوانەی کە بە شان و باڵی بەغدایان هەڵدەگوت و داوای ئەوەیان دەکرد هەرێمی کوردستان هەر چ هەیەتی بە بەغدای بسپێرێ و ئەگەر بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە دابین بکات ئەوا کۆتایی بە کێشە ئابوورییەکانی کوردستان دێت بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕوانییان دەکرد ڕووی نەدا و خەڵکی کوردستان بە تەواوی لەوە تێگەیشتووە کە ئەو نانە نانە کە ئەمڕۆ لە خوانە.

ھەواڵی زیاتر