بە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەچنە قۆناغێکی نوێوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیانی دا و کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لەوبارەیەوە دەرکرد. بەرپرسانی حکوومی و مامۆستایانی زانکۆ، دەڵێن، بڕیارەکانی مەسروور بارزانی بۆ سلێمانی و ھەڵەبجە لە جێبەجێکردن دان و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ھاووڵاتییان دەبێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی ھەرێم جیاکاری لە نێوان شارەکان نەکردووە.

دوای ئەوەی ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانێکی گرنگی بۆ ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە کرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناخەی سایلۆی ھەڵەبجە، لەنزیکەوە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکە کرد. جیا لەوانەش، چەندین دیدار و کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی ڕووبەڕوو و ڕاشکاوی لەگەڵ بەشێک لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاکانی ھەردوو پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکاندا ساز دا.
لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاکان و ھاووڵاتییان، باسیان لە کێشە و کەم وکوڕی و گرفتەکانی ناوچەکانیان کرد و چەند داواکاری و پێشنیازیان پێشکەش بە سەرۆکی حکوومەت کرد.
سەرۆکی حکوومەت بەوردی گوێی بۆ داوکارییەکانیان گرت و بەڵێنیشی دا ئەوەی لە توانای حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ئەو دوو پارێزگایە و قەزا و ناحیە و گوندەکانی، جێبەجێی دەکات.
د. سەیوان محەممەد، مامۆستای زانکۆ، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆکی حکوومەت لە نزیکەوە گوێی لە خواست و داواکارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین گرت، سەرجەمیانی جێبەجێ کرد، ئەوەش جێگەی خۆشحاڵی خەڵکی ئەو ناوچانەیە.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: بڕیاڕەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازیی خزمەتی خەڵک دەکات، ھەروەھا بڕیارەکان لە ڕووی کارگێڕییەوە توانستی کارگێڕی زیاد دەکات، ھەروەھا دەبێتە ھۆی زیادبوونی متمانەی ھاووڵاتیی بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان.
سەرکەوت نەوزاد، مامۆستای ئابووری، بۆ “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لەڕووی خزمەتکردنەوە جیاکاریی نەکراوە و داواکاریی ناوچەکان وەک یەک وەرگیراوە و جێبەجێ کراون و بە یەک ئاست خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھەموو ناوچەکان کراوە.
جەختی لەوەشکردەوە: بڕیارەکان کاریگەریی لەسەر زیادکردنی دەستەڵاتی یەکە ئیدارییەکان دەبێت، بەو بڕیارانە توانا داراییەکان دەدرێتە یەکە کارگێڕییەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامی داواکاریی ھاووڵاتییان بدەنەوە، بڕیارەکان دەستەڵاتی ڕێکخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکانە و شەش مانگ جارێک پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی ھەمانگی و بەدواداچوون، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانە، بڕیارەکان زیاتر پەیوەستن بەوەی توانا بخەنە بەردەست پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان.
دەشڵێت: ئەو بڕیارانە چارەسەریی ڕۆتین دەکات کە گرفتی یەکە کارگێڕییەکان بوو، نەبوونی خەڵکی پسپۆر و میلاکی پێویست گرفتی ئەو یەکانە بوون، بۆ ئەوەش دەستەڵات دراوەتە پاریزگار و ئیدارە سەربەخۆکان یەکە کارگێڕییەکان ڕێک بخەنەوە، ئەوەش دەستەڵات شۆڕکردنەوەیە، گوتیشی: دەستەڵاتی دامەزراندنی گرێبەست دراوەتە دەست ئەو پارێزگا و ئیدارانەی کە پێویستییان بە دامەزراندن ھەیە و یەکە کارگێڕییەکان خۆیان ژمارەی پێویستی دامەزراندنیان ناردووە.
عەبدولحەکیم خەسرەو، گوتی: لە سەرەتای ئەو کابینەیە جیاکاریی نەکراوە و داواکاریی ناوچەکان وەرگیراوە و جێبەجێ کراون، دەشڵێت: تایبەتمەندییەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئەوەیە، لە ھەموو ئاستە کارگێرییەکان بەدواداچوون دەکات بۆ ئەوەی بزانێت گرفتەکانیان چییە.
گوتی: بڕیارەکان کاریگەریی لەسەر زیادکردنی دەستەڵاتی یەکە ئیدارییەکان دەبێت، بەو بڕیارانە توانا داراییەکان دەدرێتە یەکە کارگێڕییەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامی داواکاریی ھاووڵاتییان بدەنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکان دەستەڵاتی ڕێکخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکانە و شەش مانگ جارێک پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر