دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

گەڕانەوە بۆ منداڵدانی گەردوون

خوا لەکن ڕابیعەی عەدەوەییە و مەعرووفی کەرخی، خوایەکی تۆڵەسێن نەبوو، ڕەمزی جوانی و خۆشەویستی بوو، لە دڵی باوەڕداردا نیشتەجێ بوو. باوەڕدار لە خوا نەدەترسا، بەڵکوو ئەوەندەی خۆش دەویست، لە زەریای عیشقیدا فانی دەبوو، (فەنا)بوونێک کە (بەقا)ی بەدوادا دەهات. باوەڕدار بە بادەی ئەڤینی خوا سەرمەست دەبوو، مەستییەک، هۆشیاریی بەدوادا دەهات. باوەڕدار دەیزانی ویستی ڕاستەقینە، ویستی خوایە، بۆیە دەستی لە ویستی خۆی هەڵدەگرت و خۆی دەدایە دەست ویستی خوا. سۆفی چونکە دڵی تژییە لە ئەڤین، ڕقی لە کەس نابێتەوە. ڕابیعەی عەدەوییە گوتوویەتی: دڵم پڕە لە خۆشەویستیی خوا، جێیەکی چۆڵی تێدا نەماوەتەوە، تا بۆ هەڵگرتنی ڕق لە کەس تەرخانی بکەم
جیاوازیی سەرەکی نێوان سەلەفیزم و سۆفیگەری ئەوەیە، ئەمیان بانگەشە بۆ توندڕۆیی دەکات و ئەویان بەگژیدا دەچێتەوە و پەیامی لێکدی بوردن و پێکەوە ژیان بڵاو دەکاتەوە. سەلەفییەکان لێکدانەوەیەکی وشک بۆ ئایین دەکەن، دیوی دەرەوەی گوتەکان دەبینن، هەر تێروانینی خۆیان بە دروست دەزانن و ئایین بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان وەگەڕ دەخەن. نواندنی زەبروزەنگ هەر لە کوشتوبڕدا چڕ نابێتەوە، کافراندنی نەیاریش کە سەلەفییەکان لەسەری ڕاهاتوون، دەکەوێتە خانەی توندوتیژییەوە. سەلەفیزم ستەم بڵاو دەکاتەوە، بەڵام زوهد کە وێستگەی یەکەمی سۆفیگەرییە و لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا، لە دژی ستەمی دەسەڵاتداران سەری هەڵداوە. بە پێچەوانەی سەلەفیزمەوە کە سیاسەت دەیجووڵێنێت و بە هیوای سامان و هێزە، سۆفیگەری چاوی لە بەرژەوەندیی دنیایی نییە. سەلەفییەکان ڕقێکی ئەستووریان، لە موزیک و گۆرانی و سەمایە، بەڵام سۆفییەکان لەڕێی ئەو هونەرانەوە خۆشەویستی بڵاو دەکەنەوە. سەلەفی کەسێکی ڕووگرژە، هەر باسی سزا و ئەشکەنجە و توندوتیژی دەکات، بەڵام سۆفی باسی خۆشەویستی نێوان تاک و خوا دەکات.
سەلەفی کە هیچی نوێی پێ نییە و ئیشی گوتنەوەی گوتراوەکانە، گاڵتەی بەوانە دێت کە پردی خۆشەویستی دەیانبەستێتەوە بە خواوە. لای ئیبن عەرەبی کە ڕێبەری هەرەگەورەی سۆفییەکانە، ئایین سەرچاوەی خۆشەویستییە، بەڵام لای ئیبن تەیمییە کە نموونەی باڵای سەلەفییەکانە، ئایین کارگەیەکە ڕق و تۆڵە بەرهەم دەهێنێت. لە کاتێکدا سۆفیگەری لە هەوڵی چەسپاندنی لێبوردەییی دینیدایە و دژی زۆرەملێیە لە ئاییندا، سەلەفیزم بە زمانی شمشێر دەپەیڤێت. لەکن سۆفیگەری جیاوازییەکان هەوێنی لە یەکدی نزیکبوونەوەن و فرەیی و یەکێتی، دوو باڵن بۆ هەمان فڕین، بەڵام سەلەفیزم ئەوانی دیکەی، مەگەر وەک کۆیلە و کەنیزەک قەبووڵ بێت.
سۆفیگەری بریتییە لە هەڵکشان بەرەو باڵایی، لەڕێی بەگژدا چوونەوەی نەفسی بەد و جڵەوکردنی ئارەزووە جەستەیییەکانەوە. سۆفیگەری هەم لە فیکر و فەلسەفەدا خۆی نمایش دەکات و هەم لە شیعر و گێڕانەوەدا. سۆفی لە هەوڵی کردنەوەی دەرگای لە یەک تێگەییشتنە لەنیوان دینەکاندا و هاوسۆزی بڵاو دەکاتەوە. سۆفی کە لە ڕوانگەی سەلەفییەوە، زەندیقە، خۆشەویستی بە ئایین و باوەڕی خۆی دەزانێت و بڕوای بە کرانەوە بە ڕووی ئایینەکانی دیکەدا هەیە. ئەوەی گوایە سەلەفی هەقی بەسەر سیاسەتەوە نییە، بۆ فریودانی عەوامە، ئاخر خۆگرێدان بە دەقی دێرینەوە، بێدەنگبوون لە ئاستی ستەمی دەسەڵاتدار و کافراندنی نەیار، هەڵوێستی سیاسیین.
لە ڕوانگەی سۆفیگەرییەوە، گوتاری ئایینی، وەک هی شیعر، پشتی بە میتافۆر قایمە، ئەمەیش وا دەکات، هەم دەق کراوە بێت و لێکدانەوەی جیاواز هەڵبگرێت، هەم سۆفی بۆ دەربڕینی هەستی خۆی هانا بۆ شیعر ببات. لێکدانەوەی دەق، ئیدی لە شیعردا بێت، یان لە شەرعدا، ئەوەیە: مانای دیوی دەرەوە و ئاشکرای گوتەکان فەرامۆش بکەین و بۆ مانای ناوەوە و شاراوەیان بگەڕێین. حەللاج و ئیبن عەرەبی و مەولانا، هەر ساعیر نەبوون، سۆفییش بوون، جوبران خەلیل جوبران و سەلاح عەبدولسەببوور و ئەدونیس، لەڕێی شیعرەوە لە سۆفیگەری نزیک بوونەوە. ئەوەی لای سۆفی ئەزموونێکی ڕۆحییە، لای شاعیر دنیابینیی پێ دەڵێن، سۆفی و شاعیر لەوێدا یەک دەگرنەوە. لەوێشدا لە یەکدی دەچن، کە سۆفی شەیدای توانەوەیە لە خوادا، کە حەنینە بۆ سەروەختی بەر لە خەلق، شاعیریش نۆستالجیای بۆ ڕابردوو هەیە. مێ لە غەزەلی سۆفییانەدا، ئاماژەیە بۆ منداڵدانی گەردوون، کە ژیان لەوێوە دەستی پێ کردووە و لە کۆتاییشدا بۆ ئەوێ دەگەڕێتەوە.

ھەواڵی زیاتر