پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، “بەبێ ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە.”
پارتی دەشڵێت، ئەو هەنگاوە “یاسایی نییە، گرفتی هەیە و لە سەر رێگەیەكی دروست نییە.”
دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی:
سەبارەت بە گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك، ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و ڕەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد. لەو كاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە كەركوك هەموو لایەك بگەنە ئەنجام و چارەسەرێكی گونجاو، چونكە دۆخی كەركوك دۆخێكی ئیستسنائییە و چارەسەرەكەشی دەبێ چارەسەرێكی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی ئەو شارەدا بێت.
لەدرێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین كۆبوونەوەدا لە 4ی ئابی 2024 لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانیدا كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك و لە چوارچێوەی تەوافوق و كۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی جەنابی سەرۆكیش ئەوە بوو كە بۆ دڵنیایی هەموو لایەك پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت كە لە لایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسەند بێت. لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەكان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بە شێوەی (ثلاثي) بێت.
ئەوە بوو هەر لایەك داوای دەكرد كە پێویستە بۆ یەكەم كەڕەت پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆكیش پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار كەسێكی كورد بێت. هەروەها سەرۆك بارزانیش داوای لێیان كرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی ڕێك بكەون، كەچی هەر هەموویان ڕەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێك بكەون. لەدوای ئەوە چەندین كۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، هەرچەندە هەمووجاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی هەوڵ و نێوەندگیریەكانی بەڕێز سودانی دەكرا چونكە دۆسیەكە لەدەستی ئەودا بوو و هەوڵێكی زۆری بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كەركووك دابوو.
ئەوەشی لە ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی كەركوك بەبێی ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەكی دروست نیە. پێمانوایە ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركوك. چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە و سارێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركووك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن. چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركوكدا بەشدار بن.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٢ـی ئابی ٢٠٢٤