فەرمانی چۆڵکردنی چەند گەڕەکێکی ئەسینا درا

دووشەممە، 12ـی ئابی 2024، بەرگریی شارستانیی یۆنان فەرمانی چۆڵکردنی ژمارەیەک گەڕەکی شاری ئەسینای باکووری ڕۆژهەڵاتی دەرکرد لەبەر فراوانبوونی ئەو ئاگرە گەورەی دوێنێ یەکشەممە، کەوتووەتەوە.

بەرگریی شارستانی لە نامە کورتەکاندا نووسیویەتی “لەبەر ئەو ئاگرەی کە لە نزیک ناوچەکە کەوتووەتەوە فەرمانی ڕێنماییەکانی چۆڵکردن دراوە و داواتان لێ دەکەین پابەند بن بە فەرمانی دەسەڵات.

شاری مێژوویی ماراسۆن کە 40 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەسیناوە دوورە و زیاتر لە حەوت هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، دوێنێ ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لانیکەم پێنج ناوچەی دیکە چۆڵ کران. هەروەها جگە لەوانەش دوو نەخۆشخانە، یەکێکیان بۆ منداڵان و ئەوەی دیکەیان سەربازی، لە شاری بێنتیلی 15 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پایتەختەوە دوورە، چۆڵ کران. دەسەڵاتداران یاریگای ئۆڵۆمپی ئۆواکایان لە باکوری ئەسینای کردەوە بۆ پەنادانی  هەزاران کەسی ئەو ناوچانە کە بە هۆی ئەو ئاگرەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ دەهێڵن.

گوتەبێژی تیمی ئاگرکوژێنەوە ڤاسیلیس ڤاتراکیانیس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە “هەموو هێزەکانی بەرگریی شارستانی بە درێژایی شەو کاریان کردووە، سەرەڕای هەوڵەکان ئاگرەکە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەی خێرا و فراوانبوونی بەرەو بنتیلی”.

ئەوەشی خستەڕوو “510 ئاگرکوژێنەوە و 152 ئۆتۆمبێل جێگیر کراون” هاوکات لە بەرەبەیانەوە 29 فڕۆکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان لە کۆی 40 شوێنی ئاگرکەوتنەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری پێشوودا  ڕوویان داوە، 22 شوێن کۆنترۆڵ بکەن.

وەزیری بەرگریی شارستانی هۆشداریی دا “بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بای بەهێز و وشکەساڵی، نیوەی وڵات ڕووبەڕووی مەترسیی زۆری ئاگرکەوتنەوە دەبێتەوە”.

ڤاتراکیانیس ڕایگەیاند “بەداخەوە هێزی با لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا زۆر دەبێت، هاووڵاتیانی دەوروبەریش دەبێت پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەرچووە” .

یۆنان لەم هاوینەدا، دووچاری سووتانی دارستانەکان بووە؛ بەتایبەت دوای زستانێکی وشک. مانگەکانی حوزەیران و تەمموزیش گەرمترین مانگەکانی ئەم هاوینە بوون. بە پێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان، لە ساڵی 1960وە گەرمای لەو شێوە نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی پانێڵی نێوان حکوومەتەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی وەرزی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا .

ھەواڵی زیاتر