ماوەی چەندین ساڵە بە زەقی کێشەی سەرەکی نێوان ھەولێر و بەغدا فرۆشتنی نەوت و بڕینی بودجەیە، ھەردوولاش خۆیان بە خاوەن مافی یاسایی دەزانن لە مامەڵەکردن بەو کانزایەوە. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: تا ئێستا لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز ڕێک نەکەوتووین، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە دەنگدان و دواتر بێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان. دەشڵێ: نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە.
نزیکەی ساڵێک و نیو بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا تێدەپەڕێت، کە لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣ـەوە ھەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جیھانی تورکیا ڕاگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجە، دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات بەمەبەستی ھەناردەکردنی یان بۆ بەکارھێنانی نێوخۆیی، ئێستا عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات.
کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە.
یەکێک لە مەرجەکانی پێکھێنانی حکوومەتەکەی محەممەد شییاع سوودانی، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بوو، ھەر لەسەرەتاوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند لیژنەیان پێکھێنا و ھەوڵی ئەوەیان دا ئەو ڕەشنووسەی ھەیە جارێکی دیکە ھەمواری بکەنەوە، ئەبوایە لەماوەی ساڵێک ئەو ڕەشنووسەی نەوت و گاز بھاتبووایە ناو پەرلەمان و دەنگی لەسەر درابایە، بەڵام تا ئێستا نەھاتووە، بەگوتەی پەرلەمانتاران چاوەڕوانیش ناکرێت ئەو خولە بێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان، لەبەر ئەوەی لەناو شیعەکان کێشەی زۆر لەسەرە، کە ئەو پارێزگایانەی نەوتیان ھەیە و ئەوانەی نەوتیان نییە، چۆن ماف و ئیمتیازات دابەش دەکەن لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە سوننەکان.
عێراق یەکێکە لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام تا ئێستا یاسای نەوت و گازی تایبەت بەخۆی نییە، سەرەڕای ھەوڵێکی زۆر، بەڵام بەھۆی بەرژەوەندی مەرکەزیی حکوومەتی عێراق و پارتە سیاسییە دەستەڵاتدارەکان لە بەغدا کە دەستیان بەسەر کەرتی نەوتدا گرتووە و ڕێگرن وەک لە دەستووردا ھاتووە ھەرێم و پارێزگاکانی بەرھەمھێنەری نەوت بەشدار بن لە فرۆشتنی نەوت.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران، حکوومەتی ھەرێم لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێم ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەری لە پەرلەمان پەسند نەکران.
د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، پڕۆژەی یاسای نەوت و گاز تا ئێستا لە حکوومەتە و نەھاتووەتە پەرلەمان، ھەموو ئەو گفتوگۆیانەی کە کراون تەنیا لە چوارچێوەی وەزارەتی نەوت کراون و نەچووتە دەرەوەی وەزارەت، ئەو گفتوگۆیانەش سەبارەت بە ئێمە وەکو کوردستان و ئەو پەرلەمانتارانەی کە لەو پارێزگانەن کە نەوتیان لێ بەرھەم دێت، باش نییە، ھۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو گفتوگۆیانەی کە کراون ھەموو بە بیر و فکرەیەکی مەرکەزی کراون، بە خۆ فەرزکردن کراون، بەتایبەتی ئەو ماددانەی کە باسی دەرھێنان و گرێبەست کردن دەکەنەوە، ھەموو ئەوانە خراونەتە پاڵ حکوومەتی ئیتحادی، ئەوەش لە دیدگەی نیزامی فیدڕاڵی و ئەو دەستوورەی کە ھەیە نیزامێکی فیدڕاڵییە و ڕۆئیایەکی نامەرکەزییە، ئەوەش وای کرد کە دووبارە گفتوگۆیەکان دەست پێ بکرێنەوە، ھەفتەی ڕابردوو دەست بە گفتوگۆیەکان کرایەوە تاکو ڕۆئیایەکی نوێ پێشنیاز بکەن و بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێش دەنگی لەسەر بدرێت و بێتە ناو ھۆڵی پەرلەمان، بەڵام پێموانییە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پڕۆژە یاسایە بێتە پەرلەمان، ئەوەش لەبەر چەند ھۆکارێکە.
ئەو پەرلەمانتارە، ئاشکراشی کرد: ئابووری عێراق زیاتر لە ٩٥% لەسەر داھاتی نەوتە، ھەر یاسایەک ئەگەر کێشە و گرفتی تێدابوو، بەتایەتی یاسای نەوت و گاز کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، ئەو کاتەی یاسا دادەڕێژین بۆ چارەکردنی کێشەکانە، ئەگەر ئەو یاسایە بەو عەقلیەتە نەھاتە پەرلەمان ئەوە مانای وایە گرفتەکان زیاتر دەکات، بۆیە ئەگەر ئەو یاسایە چارەسەری کێشەکان نەکات دەرنەچێت باشترە.
سەبارەت بەوەی ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند کرا ھیچ کێشە و گرفتێک دەمێنێت، د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: کێشەی تەکنیکی دەمێنێت، بەڵام کێشەی دەستووری و یاسایی نامێنێت، بەڵام بە مەرجێک ئەگەر ھاتوو لەژێر دیدگەی نیزامی فیدراڵی بوو، ئەگەرنا کێشە سیاسی و یاساییەکە ھەر بەردەوام دەبێت.