دژی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە چەندین پارێزگای عێراق خۆپیشاندان دەکرێت

هەمواری یاسای باری کەسێتی کە لە پەرلەمانی عێراقە و ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، كاردانەوەی لێكەوتەوە و بڕیارە دژی ھەموارەكە ئەمڕۆ لە چەندین پارێزگای عێراق خۆپیشاندان بكرێت. بەشێك لە پەرلەمانتاران و كۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی ئافرەتان تێپه‌ڕاندنی یاساكە بە مەترسیدار ناو ده‌بەن و دەڵێن، دابەشكردنی عێراقە.

لە عێراق تادێت ئەم پرسە كاردانەوەی زیاتری لێ دەكەوێتەوە و كار گەیشتووەتە ئەوەی بەم گەرمایە خەڵكی دژ بە ھەمواری یاساكە برژێنە سەر شەقامەكان.

بڕیارە ئەمڕۆ لە بەغدا و چەندین پارێزگای دیكەی عێراق لە دژی هەمواری یاسای باری کەسێتی خۆپیشاندان بکرێت، هاوپەیمانی 188 کە لە ژمارەیەک ڕێکخراو، هێزە مەدەنییەکان، چالاکوانان و ئافرەتان پێک دێت، لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی كردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، بەسرە، کەرکووک، نەجەف، دیوانییە، بابل و زیقار خۆپێشاندانەکە دەکرێت و داوا دەکەن هەموارەکە لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە و ڕەت بکرێتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، یاساكە عێراق و خێزانەکان و پێکهاتەکان دابەش دەکات و دژی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەتانە و لەگەڵ بێبەشکردنی ژنان و کچانە لە میرات و مافەکانی دیکە.  

بەشێکی شیعەکان بەتایبەتی دەیانەوێت هەمواری یاساکە بکەن و هەر ئافرەت و پیاوێکی عێراقی لەکاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بکەن، بەمەش ئەگەر مەزهەبی جەعفەری بە نموونە وەربگیرێت، دەتوانرێت کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەشوو بدرێت و کوڕیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا زەماوەند بکات، ئەمە و چەند خاڵێكی دیكەش كە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و بەتایبەتی ئافرەتان، تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌ به‌ مەترسیدار ناودەبەن و پێیان وایە ئه‌و هه‌مواركردنانه‌ی خراونه‌ته‌ڕوو، عێراق زیاتر دابه‌ش ده‌كات. 

هەمواری یاسای باری کەسێتی کە لە پەرلەمانە، ڕۆژی 24ـی تەمموزی ڕابردوو بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 4ـی ئەم مانگە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارەکە کرا.

ھەواڵی زیاتر