نەتەوە یەکگرتووەکان: عێراق بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی به‌كارهێنانی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان

ئا. هۆنیار عه‌بدوڵڵا

لە ساڵی 2023 دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بەسەر 24 ملیۆن حەبی کاپتاگۆن”دا گرت، کە کێشی زیاتر لە 4.1 تۆن بوو و بەهاکەی لە نێوان 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بەسەر بڕێکی پێوانەیی حەبی کاپتاگۆندا گرت کە ڕەنگە بەهاکەی بگاتە 144 ملیۆن دۆلار، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، هۆشداریداوە لەوەی وا بڕوات عێراق ده‌بێته‌ “ناوەندێکی” گه‌وره‌ و به‌رفراوانی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان.
عێراق میوانداریی کۆنفرانسێکی کرد کە تێیدا وەزیر و بەرپرسانی وڵاتانی هەرێمایەتی و عەرەبی بەشدارییان کرد، بە ئامانجی پتەوکردنی هاریکاری هاوبەش لە بواری کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان بوو.
ڕاپۆرتێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان دەڵێت: “عێراق لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سه‌رچاوه‌ی بووژانەوەیەکی گەورەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بووە”، بەتایبەتی حەبی کاپتاگۆن کە له‌ ماددە هۆشبەرەکانە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی 2023 دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بەسەر “ژمارەیەکی پێوانەیی 24 ملیۆن تابلێتی کاپتاگۆن”دا گرتووە، کە کێشی زیاتر لە 4.1 تۆن بووە و بەهای لە نێوان 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلار بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، “دەستبەسەرداگرتنی کاپتاگۆن نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە” لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەسەرداگرتنی ساڵی ڕابردوو “٣٤ هێندە زیاتر بووە” لە چاو ساڵی ٢٠١٩.
کاپتاگۆن ناوێکی کۆنە بۆ جۆره‌ دەرمانێک، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر، بەڵام ئەم حەبانە ئەمڕۆ بووەنه‌ته مادده‌ی هۆشبه‌ری ژمارە یه‌ك لەڕووی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی و تەنانەت بەکارهێنانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە “عێراق مەترسی ئەوەی لەسەرە کە ببێتە ناوەندێکی گه‌وره‌ بۆ سیستەمی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەغدا زۆرجار دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت، دیارترینیان کاپتاگۆن کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە سوریاوە بە قاچاخ دەهێنرێت، کە بووه‌تە سەرچاوەی سەرەکی دروستکردنی ئەو حەبە ماددە هۆشبەرانە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، 82%ی حەبی کاپتاگۆن کە لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 لە ناوچەکە دەستی بەسەردا گیراوە، لە سوریاوە هاتووە، لە دوای ئەویش لوبنان بە ڕێژەی 17%.
هەروەها عێراق وردە وردە دەگۆڕێت بۆ ڕێڕەوی قاچاخی میتامفیتامین کە سەرچاوەی سەرەکی ئەو مادەیە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و بەتایبەت ئەفغانستانە. لە عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ نزیکەی شەش هێندە زیادبوونی دەستبەسەرداگرتن هەبووە.

ھەواڵی زیاتر