ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ “هەولێر”:لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ٤٤٠ پڕۆژەی ڕێگاوبان تەواو کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕاگەیاند، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا چوار سەد و چل پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، گوژمەی نۆ سەد و دوازدە ملیار و سەد و سی و دوو ملیۆن دینار تێچووی ئەو پڕۆژانە بووە. دەشڵێ: پلانمان ھەیە ژمارەیەک تۆنێل و دووسایدی گەورە دروست بکەین، زۆربەی پڕۆژەکان بەتایبەتی پڕۆژە گەورەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی ناوخۆ جێبەجێ کراون، چونکە شارەزایی و ئەزموونێکی باشیان لەو کارانەدا پەیدا کردووە.

*چەند ڕێگاوبان لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا چاککراون؟
-وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن، لەژێر ڕێنمایی و فەرمایشتەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەژێر بڕگەی خزمەتگوزاری گشتی بەندی پێنجەم کە پەیوەندیدارە بە بواری ڕێگاوبانەوە، حکوومەتی ھەرێم کار دەکات بۆ گەشەپێکردن و بەھێزکردنی تۆڕی ڕێگاوبانەکان بۆ ئاسانکاری ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییان و کاڵا، لەژێر ئەو بڕگەیە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە بواری ڕێگاوبان بە بەرفراوانی کاری کردووە، وێرای کۆمەڵێک ئاستەنگ، لەوانە کەمی خەرجکردنی پارە و نەبوونی داھات و ئەو کێشانەی کە لەلایەن حکوومەتی ناوەندی لەڕووی داراییەوە بۆ حکوومەتی ھەرێم دروستی کردووە، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە توانیویەتی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا چوار سەد و چل پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان جێبەجێ بکات، بودجەی گشتی ئەو پڕۆژانە نۆسەد و دوازدە ملیار و سەد و سی و دوو ملیۆن دینارە، کە نزیکەی ھەزار و دوو سەد و نەوەد و پێنج کیلۆمەتر ڕێگاوبانی تازە خراوەتە خزمەت ھاووڵاتییان، ئەو پڕۆژانەش لەسەر سێ بودجەی جیاواز جێبەجێ کراون، بودجەی وەبەرھێنان پڕۆژەی ڕێگاوبانی گەورە لەوانە دووساید و تۆنێل و پردی گەورە لە خۆ دەگرێت، شەست و پێنج پڕۆژەنە و بە گوژمەی ھەشت سەد و ھەشتا و سێ ملیار دینار بووە، لەسەر بودجەی ئاسایی سەد و ھەشتا و چوار پڕۆژەی مامناوەند و بچووک وەکو ڕێگای گوندەکان و چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان لە خۆ دەگرێت حەڤدە ملیار و سەد و چل و نۆ ملیۆن دینار بودجەی گشتییان بووە، بودجەیەکی دیکەمان ھەیە ئەویش ٣٠% داھاتی وێستگەکانە بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەدرێتە وەزارەتەکەمان لەسەر ئەو بودجەیەش سەد و نەوەد و یەک پڕۆژەی مامناوەند بەگوژمەی یازدە ملیار و نۆسەد و حەفتا و نۆ ملیۆن دینار جێبەجێ کراون.

  • بۆ ڕێگای گوندەکان و ناوچە سنوورییەکان چی کراوە؟
    -وەکو وەزارەت کە مامەڵە لەگەڵ ڕێگاوبانەکان دەکەین لەسەر چەند پۆلێنێک ڕێگاوبانەکانمان دابەشکردووە، ڕێگاوبانی سەرەکی لەوانە دووساید، یەک ساید، ڕێگاوبانی لاوەکی و ڕێگای گوندەکان، بەڵام نەھاتووین بڵێین تەنیا کارمان لەسەر ڕێگای سەرەکی کردووە، بەڵکو زۆر بە بەرفراوانی ئاوڕ لە ڕێگای گوندەکان دراوەتەوە، بەپێی ئامارەکان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لەو چوار سەد و چل پڕۆژەیە دوو سەد و سێ پڕۆژەی ڕێگاوبانی گوندەکان بووە، کە بریتی بووە لە قیڕتاوکردنی ڕێگای گوندەکان، چاککردنەوەی ڕێگای گوندەکان و دروستکردنی ڕێگای نوێ، ئەمەش ئاوڕدانەوەیەکی باش بووە بۆ گوندەکان.
  • کەی ڕێگا تەواونەکراوەکانی نێوان شارەکان تەواو دەکرێن؟
    -بەداخەوە بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ قەیرانی دارایی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کرد بودجە وەکو پێویست لەبەر دەست نەبوو زۆرێک لە پڕۆژەکان وەستان، بۆ نموونە دووسایدەکان لە ھەولێر تا دەچییە دھۆک و زاخۆ و تەواو بوونە، بەڵام لە ھەولێر بەرەو سلێمانی ئاستەنگی تێکەوتووە و چەند بەشێک ماون نەمان توانیوە تەواو بکەین، چونکە ئەو پارچانەی کە ماون لە نێوان ھەولێر و سلێمانی بای چوار سەد و پەنجا ملیار دینارە، ئەوەش پارەیەکی زۆرە حکوومەتی ھەرێم نەیتوانی وەکو پێویست بودجەی بۆ تەرخان بکات، چاوەڕێی حکوومەتی ناوەندی دەکەین، بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٢٣ کە بودجەی گشتییە، جگە لە مووچەی فەرمانبەران بڕە پارەیەکیش بۆ خزمەتگوزاری دانراوە، ئەگەر بودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات دەتوانین ھەموو ئەو پڕۆژە وەستاوانە بخەینەوە کار و تەواو بکەین ئێستا دوو سەد و سێ پڕۆژە ھەیە پێی دەوترێت پڕۆژە بەردەوامەکان زۆربەی زۆریان لەبەر نەبوونی سیولە وەستاون.

*پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ دروستکردنی ژمارەیەک تۆنێلی نوێ چی بەسەر هات؟
-تۆنێل پڕۆژەیەکی ستراتیجی و گەورەیە، بۆیە جێبەجێ کردنەکەشی ئاسان نییە، لە ماوەی ڕابردوودا توانیومانە سێ تۆنێل لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەین لەوانە تۆنێلی زاخۆ، تۆنێلی پیرمام، لەگەڵ تۆنێلی ئەزمەر، باش بەڕێوەدەبرێن و ھەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین کراوە، بەڵام وەکو پلان چیمان ھەیە، لە پلانی دە ساڵەی وەزارەتە زیاتر لە بیست کیلۆمەتر تۆنێلی جۆراوجۆر دروست بکەین، بەرچاوترین تۆنێل ئەگەر بتوانین تەواو بکەین، تۆنێلی ھەیبەت سوڵتان، پێنجوین، لەگەڵ تۆنێلی دەربەندیخان، ئەمانە تۆنێلی زۆر بەرچاون، ھەر چەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەزامەندی تۆنێلی زاویتە لە دھۆک بۆمان ھاتووە ئێستا خەریکی تەندەر کردنین، بەڵام کۆمەڵێک تۆنێل لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نموونە لە نێوان سۆران و چۆمان ١١ تۆنێلی بچووک و مام ناوەند ھەن، دیزاینیشیان ئامادەیە ئەگەر بودجە لەبەر دەست بێت پلانمانە بۆ داھاتوو.

*تا چەند بارهەڵگرەکان زیانیان بە ڕێگاوبانەکان گەیاندووە؟
-وەکو وەزارەت لە ھەرێمی کوردستان پەنجا و دوو قەپانمان داناوە، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بارھەڵگرەکان بکەین و باری زۆر بار نەکەن، چونکە بە باری زۆر خێراتر ڕێگاکان تێکدەچن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لەو ڕێگانەی دووسایدن و تەواو نەبوونە و ئێستا یەک سایدن، ژمارەیەکی زۆر بارھەڵگر بەو ڕێگانەدا ھاتووچۆ دەکەن، ئەوەش وا دەکات کە ڕێگاوبانەکان وێران بن، لەو حاڵەتەدا فریای سیانە کردنیش ناکەوین، بۆیە بارھەڵگرەکان ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی ڕێگاوبانەکانن.

*ئایا کۆمپانیا ناوخۆییەکان بەشدارن لە دروستکردنی ڕێگاوبانەکان؟
-ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران کۆمپانیای خۆماڵی ھەن، دە ھەزار کۆمپانیا تۆمار کراون، ئەگەر باسی پێش ١٥ ساڵ بکەین زیاتر پڕۆژە گەورەکان لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان جێبەجێ دەکران، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستان کۆمپانیای خۆماڵی ھەیە، شارەزایەکی باشیان ھەیە، ئێستا زۆرێک لەو پڕۆژە باش و لەبەرچاوانە لەلایەن کۆمپانیاکانی ھەرێم جێبەجێ دەکرێن ئێمەش زۆر ھاوکارین و پێمان خۆشە و دەمانەوێت سەرکەوتوو بن.

*پلان و بەرنامەی داهاتووتان چییە؟
-وەزارەتی پلاندانان ئاگادارمان دەکاتەوە بۆ ھەر ساڵێک کە پلان دابنێین، بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پلانمان ھەبوو بە گوژمەی ترلیۆنێک و پێنج سەد ملیار دینار پڕۆژەی تازە دروست بکەین، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق ھیچ بڕە پارەیەکی نەنارد، ماستەرپلانەکەمان نوێ کردووتەوە و پلانێکی دە ساڵەمان داناوە لە پلانمانە زیاتر لە ھەشت سەد و پەنجا کیلۆمەتر ڕێگای دووسایدی دیکە دروست بکەین بەتایبەتی لە نێوان شارە گەورەکان و دەروازە سنوورییەکان، ھەروەھا ئەگەر بودجە لەبەر دەست بێت دووساید و پرد و تۆنێلی زۆر گەورە دروست دەکەین.

ھەواڵی زیاتر