لە یەمەن لافاو کارەساتی ناوەتەوە

نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی مرۆیی لە یەمەن کە بە ئۆچا ناسراوە، بڵاوی کردووتەوە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی لافاوەوە لە پارێزگاری حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن 45 کەس مردوون.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی ئۆچا، زیاتر لە 500 خانوو بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێ گەیشتووە و بەشێکیان بە تەواوی وێران بوون. هاوکات حەوت هەزار کەسیش ئاوارە بوونە؛ ئەوە جگە لەزیانگەیاندن بە ڕووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای حودەیدە و ناوچەکانی دەوروبەری.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد قەحیم، پارێزگاری حودەیدە کە سەر بە حووسییەکانی یەمەنە ڕایگەیاندووە: تەنیا 30 کەس بەهۆی لافاوەوە مردوون و پێنج کەسیش ون بوون، هەروەها ژمارەیەک قوربانی لە ژێر داروبەردی خانووە ڕووخاوەکانی لافاوەکەوە ماونەتەوە.

لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەم جارە بەهۆی لافاوەوە زیان بە خەڵکی یەکەم دەکات، سێی ئەم مانگە بەهۆی ئەو لافاوەی شاری مەقبەنەی لە سنووری پارێزگای تە‌عزی گرتەوە نزیکەی 10 هەزار کەسی زیانمەند بوون و 15 کەس مردن. هەروا بووە هۆی هەرەسهێنانی چەندان بیری سەرچاوەی ئاوی پاک، ڕۆچوونی زەوی، ڕاماڵینی زەوییە کشتووکاڵییەکان و باخەکانی خورما و شوێنی نیشتەجێ بوون.

ھەواڵی زیاتر