هەڵوەشاندنەوەی سێبه‌ره‌كانی په‌كه‌كه‌!

‎هاودەنگ فارووق

بڕیاری دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی سێ لایەنی کوردی، بەرەی پەکەکەی توورکیا، لە ڕۆژی 10/20/2024 لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕاست و ته‌واوه‌، چونکە ئه‌وان ساڵەهایە بوونەتە شێرپەنجەی سیاسی و مایه‌ی نائارامی و په‌شێویی ناوچه‌كه‌ و عێراق، زۆر بە تایبەتیش لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا ئەولەویەتی سیاسەت و ستراتیژییان دژایەتی قەوارەی سیاسیی كوردستان بووە و بوونەتە هۆكاری پەلكێشكردنی لەشكری توورك وداگیركردنی سەدان گوند و باغی هاووڵاتییانی كوردستان.
هەمیشە ئەو پرسیارەمان كردووە، ئایە پەكەكە چی دەكات لەگەرمیان؟ ئه‌ی چی ده‌كات لە ده‌ڤه‌ری سلێمانی و سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران؟ بۆچی مەیدانی خەباتی خۆی كە باكووری كوردستانە چۆڵكردووەو قەندیلی داگیركردووە و شنگالی بە بارمتە گرتووە؟
ڕاست و ڕەوان دەیڵێین، پەكەكە و سێبەرەكانی، باوەڕیان بە دۆزی نەتەوایەتیی كورد نییە، ئەوان نەیان شاردووه‌تەوە، كە هەرگیز لە ڕیزی خەبات و ئەجێندای نەتەوایەتیدا نەبوون. ڕاستە ئەوان زمانیان كوردییە، بەڵام بناغە و فەلسەفەی كۆبوونەوەیان بۆ پرسێكی نەتەوەیی نییە، نەك بۆ كورد، بەڵكوو بۆ هیچ نەتەوەیەكی دیكەیش، خێرنادەنەوە.
ئەگەر ئێمە هەڵەین و ئەوان وایان لەزۆرێك لەخەڵكی كوردستان و گەنجانی چەند ناوچەیەكی كوردستان گەیاندووە، كە حیزبی نەتەوەیی عەیار 24ن، دەپرسین: مادەم وەك پڕوپاگەندە دەكەن، حیزبی نەتەوەیین و هەموو كوردستان بەماڵی خۆیان دەزانن.
باشە، حكوومەتی كوردستانیش تاكە قەوارەی كوردییە دوای هەزاران ساڵ كەبە خوێن و قوربانیدان و فرمێسكی هەزاران هەزار كوردی شەرەفمەند دروستبووە، بۆچی ئەو حیزبە گوایە (نەتەوەییە)، ئەم حكوومەتە كوردییە بێ پشتوپەنایە دەخەنە ژێر باری تاقیكردنەوەیەكی قورسی وا كە نەتوانێت بەرگەی لێكەوتەكانی بگرێت؟
كاتێ لەم ڕووەوە لە دۆسیەی پەكەكە و سێبەرەكانی ڕادەمێنین، تێدەگەین ئیرادە و بڕیار و دەستێكی داگیركەرانی كوردستانە بۆ ئەوەی ئەم قەوارەی هەرێمی كوردستانە دووچاری سەریەشەیەكی وا بكرێت، دواجار پاساو بكەوێتە دەستی داگیركەران و لێی بكەونە بیانوی ئەوەی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی نائارامییە بۆ دراوسێكانی؟ لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەیەكەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە تاكوو ئەمڕۆ، سەلماندوویەتی كە بەهیچ شێوەیەك سەرچاوەی كێشە و نیگەرانی نییە بۆ دراوسێكانی، بەڵكو سەرچاوەی سەقامگیریی ناوچەكەیە؟
بەڵێ بەشداریكردنی پەكەكە و سێبەرەكانی لە هەڵبژاردن، یان لەهەر چالاكییەكی دیكەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بەرژەوەندیی كوردستان یەكناگرێتەوە.
هاوكات عێراقیش، دەبێ پایەند بێت بەكۆمەڵێك یاساو پرۆتۆكۆڵی نێودەوڵەتییەوە، نابێت چاوپۆشی لەو حیزبە نامۆیانە بكات.
گرنگە هەمووان لەو ڕاستییە تێبگەین كە هەرێمی كوردستان، ناوكی خەباتی نەتەوایەتی و لووتكەی هێزی كوردە و نابێت ڕێگە بدەین بەهیچ لایەنێك ئەم قەوارەیە بخاتە ژێر بارودۆخێكی نالەبار، كە دواتر نەتوانێت لێی دەرچێت.

ھەواڵی زیاتر