وەزیری پەروەردە: خۆشبەختین کە هۆشیاریی خێزانیی و کۆمەڵگەیی بۆ بابەتی پەروەردە زیادی کردووە

پێنجشەممە، 01-08-2024، دووەم کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان بە ناونیشانی “پەروەردەی باش، دەرفەتی باشتر” بە چاودێریی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا گوتی: ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی 100 ساڵەی کەرتی پەروەردە لە کوردستان بدەینەوە، ئەوە دەبینین بە چەندان قۆناغدا تێپەڕیووە.

ئاماژەی بەوە کرد “لە ساڵی 1907، شێخ عەبدوسەلام بارزانی نامەیەک بۆ سوڵتان عەبدولحەمید دەنوسێت، لە یەکێک لەخاڵەکانیدا، داوا دەکات خوێندن بە زمانی کوردی بێت، هەروەها ئەو باجانەی وەردەگیرێت، قوتابخانەی لە گوندەکان پی دروست بکرێت”.

ئالان حەمەسەعید باس لەوەش دەکات “لە دوای ساڵی 1991ەوە، سەرەتا وەزارەتی پەروەردە دروست بوو، کە یەکەم وەزارەتی خۆماڵیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. هەروەها قۆناغی دوای 2003، قۆناغی دروست کردنی قوتابخانە و دامەزراندنی مامۆستا و دەستپێکردن بە پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەو گۆڕانانە بوو”.

وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند “خۆشبەخترین کاتەکانی ئێمە ئەو سەردەمەیە کە هۆشیاریی خێزانیی و کۆمەڵگەیی بۆ بابەتی پەروەردە زیادی کردووە؛ هەروەها دایکان و باوکان بایەخی زیاتر بە خوێندنی منداڵەکانیان دەدەن. ئەوەش بڕیاربەدەستانی پەروەردە دەخاتە ژێر فشارێکی زۆرتر، تاوەکوو کاری زیاتر و جیددی تر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کەرتی پەروەردە باشتر بکەن”.

ئەو کۆڕبەندە تیشک دەخاتە سەر ڕۆلی پەروەردە لەسەر بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتیمانی، لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی شۆڕشی پیشەسازی پێنجەم، بەتایبەت لەبواری زیرەکی دەستکرد کە لەم قۆناغە پێی گەیشتووین، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن بتوانین پانتایی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی فراوان بکەین.

ھەواڵی زیاتر