بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت لەباری باجەوە هەموو جومگەکانی ژیانی هاووڵاتیانی گرتووەتەوە

ھەڵگرتنی باج لەسەر ھۆتێل و چێشتخانەکان لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیارێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ خاوەنی ئەو شوێنانە، بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری، بڕیاری لابردنی باج لەم دۆخەدا ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت بۆ بووژانەوەی بازاڕ و کارئاسانییەکی زۆریش بۆ خاوەنی چێشتخانە و ھۆتێلەکان دەکات. بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، دەڵێت: ئەو شوێنانەی بڕیارەکە دەگرێتەوە، پێویستە ئاستی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکەن. ئەندامێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێریش، ڕاگەیاند، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ داشکان و ڕاگرتنی باج، سوودی بۆ ھاووڵاتییان و بازرگانان ھەیە و ئەم بڕیارانە کاریگەریی ئەرێنیان لەسەر جووڵەی بازاڕ دروست کردووە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکان ئاسانکاری تەواوی بۆ ھاووڵاتییان کردووە بە دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی باج و چەند بڕیارێکی دیکە کە پێشتر لەلایەن سەرۆکی حکوومەت لەبەرژەوەندی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دراون.
خاوەنی ھۆتێل و خواردنگەکان، سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن کە بەردەوام لە خەمی ئەوان و ھاووڵاتییاندایە، ئەو بڕیارەشی کە داوە زیاتر بۆ خزمەتکردنی خەڵکە، ھیوادارین ئەو جۆرە بڕیارانە بەردەوام بن بەتایبەتی ھەر شتێک کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە بێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بڕیاری لەم شێوەیە ھیوادارین بەردەوام بێت و زیاتر پەرەی پێ بدرێت، چونکە کار ئاسانییەکی زۆر دەکات ھەم ئێمە دەتوانین خزمەت بە میوانان بکەین، ھەمیش ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن، لە ھەمان کاتدا ئەگەر نرخی ھۆتێل و چێشتخانەکان ھەرزان بێت خەڵک زیاتر سەردانمان دەکەن.
ھەڵگرتنی باج بە تەنیا لەبەرژەوەندی ئەو شوێنانە نییە، کە ئەو بڕیارەیان بۆ دەرچووە، بەڵکو ھاووڵاتییانیش لێی سوودمەندن و نرخی خواردن لە چێشتخانە و مانەوە لە ھۆتێلیش کەمتر دەبێتەوە. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، گوتی: لەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران تەواوی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبن، ھەندێکیان بە ڕاستەوخۆ و ھەندێکیشیان بە ناڕاستەوخۆ، بۆ نموونە ئەگەر باسی چێشتخانە و ھۆتێل و مۆتێلەکان و کەرتی گەشتیاری بکەین کە بە یەکێک لە سێکتەرە کاریگەرەکانی ھەرێمی کوردستان لەڕووی داھات و کار و کەسابەتەوە دادەنرێت، ھەروەھا زۆرجار خاوەنی سەموونخانەکان پاساوی ئەوەیان دەھێنایەوە کە باج زۆرە، لەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران ڕاستەوخۆ خاوەنی سەموونخانەکان و بەناڕاستەوخۆش ھاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن.
بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، گوتیشی: زۆرترین چاکسازی لە سێکتەری باج کراوە، ئەو شوێنانەی بڕیارەکە دەگرێتەوە، پێویستە ئاستی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکەن، جا ھەر شوێنێک و خزمەتگوزارییەک بێت، نابێت بە ھیچ جۆرێک بیر لە گرانکردنی نرخ بکەنەوە و لەسەریانە چاکسازی لە ڕەوتی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیان بکەنەوە و بەو پەڕی دڵخۆشییەوە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ بکەن، سەرۆکوەزیرانیش بەردەوام داوا دەکات پێداچوونەوە بە بارودۆخ و کار و کەسابەتی چینی ھەژار و کەمدەرامەتان بکرێت.
کامەران محەممەد، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، ڕاگەیاند، ڕاگرتنی باج لەسەر سەموونخانە، نانەواخانە و چێشتخانە و زەوی بەتاڵ، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری و دۆخی کاسبکاران و بازرگانان دەبێت.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، ئاشکراشی کرد: چەندین بازرگان و موڵکدار ھەن پارچەزەوی بەتاڵیان ھەیە، بەڵام بەھۆی باجەوە نەیانتوانیوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێ بکەن، بەڵام بەم بڕیارە دڵخۆشن و بۆ لەمەودوا بە ئاسانی دەتوانن مامەڵە بە زەوییەکانیان بکەن.
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، ئاشکراشی کرد، بەھۆی ئەم بڕیارەوە نرخی زەوییە بەتاڵەکان بەرزبووەتەوە و جووڵەیەکی تەواو لەناو نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و زەوی دروست بووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەکانی ڕابردوودا بەپێی یاسا ھەر کەسێک زەوییەکی بەتاڵی ھەبووایە لەکاتی کڕین و فرۆشتن ٢% باجی لێ وەردەگیرا، ئەمەش وای کردبوو نرخی زەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، سوودی ئەم بڕیارە بە تەنیا بازرگانان ناگرێتەوە، بەڵکو ھاووڵاتییانی ئاسایی دەگرێتەوە، چونکە پێشتر بەھۆی باجەوە لە شوێنە گشتییەکانی وەک نەخۆشخانە و چێشتخانەکانیش پارەی زیادە کە بڕی باج بوو دەخرایە ئەستۆی ھاووڵاتییان، بەڵام ئێستا ئەوە نەما و ھەموو لە ئەستۆی پزیشک و نەخۆشخانەکان دەبێت.

ھەواڵی زیاتر