پارێزگاری دهۆک: هەر بودجەیەک بەپێی پێویستی و ڕێژەی خەڵکی ناوچەکان زیاد بکرێت

پارێزگاری دهۆک، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی ئەوە دەکاتەوە “هەر بوودجەیەک بەپێی پێویستی و ڕێژەی خەڵکی ناوچەکان زیاد بکرێت”.

چوارشەممە 31ـی تەممووزی 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سەرپەرشتیی کۆبوونەیەوەکی تایبەتی بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە نوێکانی وەزارەتی دارایی لەبارەی بودجەی فەرمانگەکانی حکوومەت کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای دهۆک، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە ئامادەبوونی شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی قایمقامەکانی سنووری پارێزگاکەی کرد بۆ گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی ڕێکخستن و خەرجکردنی بودجەی فەرمانگەکانی حکوومەت.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێنماییە نوێکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کرا بۆ ڕێکخستن و خەرجکردنی بودجەی فەرمانگەکانی حکوومەت، بۆ ئەوەی فەرمانگەکان بتوانن کاروبارەکانی ڕۆژانە و خزمەتگوزارییان بەشێوەیەکی باشتر پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن.

پارێزگاری دهۆک دووپاتی کردەوە، هەر بوودجەیەک زیاد و تەرخان بکرێت، پێویستە بە یەکسانی و بەپێی پێویستی و ڕێژەی خەڵکی هەر قەزا و ناوچەیەک وردتر دەستنیشان بکرێن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت. هاوکات پارێزگاری دهۆک، پشتیوانیی پارێزگای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییە نوێکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری دووپات کردەوە.

ھەواڵی زیاتر