لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکەشدا نێچیرڤان بارزانی پزیشکیانی بانگهێشت کرد سەردانی هەولێر بکات.
لە بەردەوامیی سەردانەكەیدا بۆ تاران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 31-7-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند “سەرۆکكۆماری ئێران سوپاسی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونیدا كرد، ههروهها دووپاتی كردەوە ئێران له ههموو بوارهکاندا خوازیاری برەودانە بە پەیوەندییەكان و هاریکاریی هاوبهشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا.”
نێچیرڤان بارزانی بەپێی راگەیێندراوەکە سوپاسی بانگهێشتەكەیانی كرد و دووپاتی كردەوە “هەرێمی كوردستان، ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و کار دهکات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لهگهڵ ئێراندا، ههورهها سهرۆک پزشکیانی بانگهێشتی ههولێر کرد له کاتی سهردانی چاوهڕوانکراویدا بۆ بهغدا.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش كردەوە؛ هەرێمی كوردستان خوازیارە رێژەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە و زياتر و ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەنێوان هەردوولادا فراوانتر ببێت، داكۆكی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان، هیچ كاتێك بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێ نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە.