ئومێد سەباح: سەرچاوەکانی داهات ڕێک دەخەینەوە و بە دادپەروەری دابەشی دەکەین

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە ڕێکخستنەوەی سەرچاوەکانی داهات کردەوە و ئاماژی بەوە کرد “بەدەر لە ڕێکخستنەوەی زیادشیان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە دادپەروەری بەسەر هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشیان بکەن”.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەر سەردانەکەی بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانیان کردووە و، مەبەستیشیان کەمکردنەوەی ڕۆتین بووە لەجێبەجێکردنی داواکارییەکانی سنوورەکە.

هاوکات ڕاشیگەیاند: لەگەڵ سەرجەم یەکە کارگێرییەکانی سنوورەکە کۆبوونەوەیان کردووە و داواکارییەکانیان دەخەنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لەبارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا “شەقامی 100 مەتری سلێمانی 63%ـی کارەکانی تەواو کراون، بەڵام پێویستی بە هەندێک گۆڕان و بودجەی زیاترە و ئێمە ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دەدەین و چی پێویست بێت بۆی دابین دەکەین”.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە “دەبێت سەرچاوەکانی داهات ڕێک بخەنەوە و زیادیان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە دادپەروەری بەسەر هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشیان بکەن”.

هاوکات گوتی: “سلێمانی وەکو هەموو شارەکانی کوردستان خۆشەویستە و بایەخی پێ دەدەین، بەڵام ئێمە ئێستە لە هەرێم،  یاسای بودجەمان نییە ئەگەر یاسای بودجەمان هەبووایە  هەرگیز کێشەی داهات دروست نەدەبوو”.

لەبارەی رێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی، ئومێد سەباح، ئاشکرای کرد: لە ماوەی ڕابردوودا گرێبەستێک کرابوو لەگەڵ پێنج کۆمپانیا بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەکە، بەڵام پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بابەتە باس کرا بۆ ئەوەی هەموو گرێبەستەکان یەک بخرێن و سەرچاوەی داهاتیشی بۆ دابین بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی گوتی: بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کێشەی سنووری پارێزگای سلێمانی چارە دەکەن.

پارێزگاری سلێمانی، گوتیشی: بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی سنووری پارێزگای سلێمانی، لایەنی پێدانی دەسەڵات، تەرخانکردنی بودجە و تەواوکردنی پڕۆژە و چارەکردنی کێشەی یاسایی زەوی و خانووەکانە.

لەلایەن خۆیەوە لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ کۆمەڵێک داواکاری شارەکە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان پێشکەشی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن کرا کە خۆشبەخاتنە ئیمزا لەسەر سەرجەم داواکارییەکان کرا.

ناوبراو گوتیشی: “وەزیری شارەوانی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکار و پاڵپشتمانە و هەر نووسراوێکمان بۆ بەرز کردبێتەوە ئەویش هەر کارێک لە دەسەڵاتی خۆیدا بووبێت بۆمانی جێبەجێ کردووە، ئەوەیشی لە دەسەڵاتی خۆیدا نەبووبێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرز کردووەتەوە.”

هاوکات سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ئەم پرۆسەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی دیوان و تیمەکەی پێی هەستاون هیوادارە بەردەوام بێت چونکە لە بەرژەوندی هاووڵاتییانە و جێگەی دەست خۆشییە. لەبارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، گوتی: کارەکانی شەقامەکە بەردەوامە و نەوەستاوە.

ھەواڵی زیاتر