ئەمەریکا: دەستمان لە کوشتنی هەنییە نەبووە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، دەستیان لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە نەبووە و ئاگاداریش نەبوون.

چوارشەممە، 31-07-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە سەنگافوورە ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس بەشدارنەبوون و پێش کوشتنیشی ئاگادار نەکراونەتەوە.

بلینکن ئاماژەی بەوەش دا، “مەحاڵە پێشبینی کاریگەرییەکانی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بکەیت، بەڵام ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێویستە و ئەمەریکا کاری لەسەر دەکات”. 

‌بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هێرشێکدا لە تارانی پایتەختی ئێران، ئیسماعیل هەنیە و پاسەوانێکی لە شوێنی مانەوەیان کوژران.

هەر چەندە ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام سوپای پاسدران و بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.

سوپای پاسدرانی ئێران ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی ڕووداوەکە دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتیی ئاشکرای دەکەن. هەروەها حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.

هاوکات عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، میوانی ئازیزی ئێمەی لە ناو ماڵی ئێمەدا شەهید کرد و هەموومانی خەمبار کرد، بەڵام ڕێگەی لەبەردەم سزادانێکی قورسی خۆی خۆش کرد”.

خامنەیی سەرەخۆشیی ئاراستەی بەرەی موقاوەمە و گەلی فەلەستین و بنەماڵەی هەنیە کردووە و جەختی کردووەتەوە لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە لە ناو خاکی ئێراندا ڕوویداوە، کۆماری ئیسلامیی ئیران تۆڵە سەندنەوەی بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

ھەواڵی زیاتر