دەنگێک لەنێو ژاوەژاوی نێرەکاندا

کەژاڵ ئیبراھیم خدر، بە نموونە

ده‌وه‌ن مه‌عروف

دەقەکانی کەژاڵ، ھەڵگری جۆرێک لە بیرکردنەوەن کەناکرێت لێی بێدەنگ بین. لەبەرایی دەقەکانیدا، ھێور ھێور بەسەر زمانی شیعردا سەرکەوت. گشت میهرەبانییەکانی ژنی خستە دووتوێی زمانی شیعرەوە. ھەربۆیە خوێنەر ھەست بەو ھێمن و ئارامییەی دەقەکانی دەکات. بەشێک لە دەقەکانی پاچڤە کراونەتە سەر زمانەکانی عەرەبیی و فارسیی و ئینگلیزیی. ئەمەش بۆ خۆی جێگەی دڵخۆشییە بۆ زمان و ئەدەب و شیعری کورد، کە خاتوونێک دەقەکانی بەزمانە جیاوازەکان دەخوێندرێنەوە. جێگەی داخە ئەم قەڵەمە ھێمن و ئارامەی شیعر، زۆر زوو ماڵی شیعر و ساباتی ئەشقی جێھێشت. بەڵام بەردەوام لەنێوماندا وەکو شالوورێک بۆمان دەخوێنێت.
……………..
من پیرنابم
ھەر بە گەنجی دەمێنمەوە
چونکە خوێنت
لە لاشەمدا قوڵپ ئەدا
تەمەنم بە ناو شیعر و
ماچی لێوت و شنەی ھەناسەت
گوزەردەکا.
٢
من تەنها چوار وەرزم ھەبوو
تۆ وەرزێکی ترت دامێ
ناوم لێنا وەرزی پێنجەم
من خۆشەویستیم نەناسی بوو
عشقت کە ژیانی پێبەخشیم
بوو بە شیعر و، بوو بە ماچ و، بوو بە ھاودەم.
٣
باڵای ھەموو چیاکانت بۆ دەتاشم
پەیکەرێکت لە رۆحی خۆم بۆ دروست دەکەم
کە جێ شوێنی، ماچی من و، گوڵی من و، لێوی من بێ
بە تریفەی مانگ ناوەکەتی لەسەر دەنووسم
خوێنی جەستەی لاشەی من بێ

ھەواڵی زیاتر