شیعر چییە؟ شاعیر کێیە؟

حەمەسەعید حەسەن

شاعیر ئەوەندە بە سروشت و ئەوەندە بە هێوررییەوە پێوەستە، هەر دەڵێیت بەشێکە لە سروشتێکی هێمن. ئەو چیرۆکە کورتانەی شاعیر دەیانگێڕێتەوە، زۆر جار لە ڕۆمان کاریگەرترن. شاعیر زۆربڵێ نییە، کەمدووە، بەڵام چەمی زمان لە ناخیدا هەمیشە خوڕەی دێت. شاعیر کەسێکی بێفیزی بێدەنگە، گوێگرێکی چالاکە و خۆی لەو قسە و باسانە هەڵناقورتێنێت کە ناچنەوە سەر هەواری شیعر. شاعیر دەستخوێنەوە نییە، ڕۆح دەخوێنێتەوە و لەنێو تەمومژدا، تروسکە بەدی دەکات. شاعیر قسە فڕێ نادات، ئەو وشە یاخییانە کەوی دەکات کە بە کەسانی دیکە ماڵی ناکرێن. شاعیر کەسێکە ئەوە دەخوێنێتەوە کە نابینرێت و ئەوە دەنووسێتەوە کە دەرکی پێ نەکراوە. شاعیر با شەوەزەنگیشی بە میراتی بۆ مابێتەوە، هەر ڕووناکی دەبەخشێتەوە، ئاخر مل بۆ نائومێدی کەچ ناکات.

لە غەیری شیعر، کە ملکەچی هیچ یاسایەک نییە، هیچ ڕێسایەکی دیکە ڕەچاو ناکەم، ئاخر شیعر لە هەوڵی ئەوەدایە مانایەکی قووڵ بە ژیانم بدات. شیعر مەشخەڵێکە لە ناخمدا دەگڕێت و لێ ناگەڕێت، کوانووی ساردوسڕی ڕۆژگار نائومێدم بکات. شیعر سروەیەکە لە یادگەمەوە هەڵدەکات، بەڵام بۆنی داهاتوو بە ڕوومدا دەدات. شیعر لە شوێنێکەوە دێت، بەڵام هەواڵی هەموو شوێنێکی پێیە. شیعر هەرچەندە زادەی زمانە، بەڵام بەدرێژاییی عومری بەدوای زماندا وێڵە. شیعر با چیرۆکی (بێهوودەیی)یش بگێڕێتەوە، بەڵام دووگیانە بە هیوا، با کێش و سەروایشی نەبێت، بەڵام تژییە لە موزیک. شیعر دەنگێکی بڵند شک نابات، بەڵام چرپەکانی هەڵگری مانای بەرزن. شیعر تا ئاسانتر بێت، سەنگینترە بە دەربڕینی زەنگین، تا ڕوونتر بێت، قووڵتر بە دونیادا ڕۆ دەچێت. دوژمنێکی شیعر درێژدادڕییە، بۆیە هەمیشە لەکورتی دەیبڕێتەوە و گوتەکانی بە تەرازووی زێر دەکێشێت، ئەوە نەبوو تۆماس ترانسترێومەر بە سێسەد لاپەڕە، نۆبڵی لە (شیعر)دا وەرگرت.

(شیعر ڕامانێکە، لێ ناگەڕێت خەو بمانباتەوە و چاومان بەکراوەیی دەهێڵێتەوە. شیعر هاتنەخوارەوەیە، لە ئاسمانی خەونەوە بۆ زەمینی کەتوار.) شیعر داوێکە لە ڕووناکی، ڕێمان ڕۆشن دەکاتەوە و کڵپەیەکە ناخمان دەکات بە هێلانە و بوار نادات، لە درێژەدان بە ژیان سارد ببینەوە و ئەو هەستەمان لەکن دروست ببێت کە لە مردن نزیک دەبینەوە. شیعر خەونێکی بێدارە، بەشێوازێکی ئاسان کە لە گوتەی ناخی کەسێکی ئاسایی دەچێت، نەک لە هی فەیلەسووفێک، جریوەی چاوی گەشی ئەستێرە دەگێڕێتەوە. شیعر کە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەسەر دەکاتەوە، مرواریی داستان و ئەفسانە دەبینێتەوە، ئاخر شیعر سەرنجدانی واقیعە لە پەنجەرەی خەیاڵەوە. شیعر پێمان دەڵێت: تا لەنێو فانتازیادا بزر نەبین، ناتوانین لە واقیعدا خۆمان بدۆزینەوە. شیعر هەر لەو منداڵە دەچێت کە ماڵی باوکی جێ هێشتووە و پشتی بە خۆی بەستووە. شیعر با باس لە پووچیی بوونیش بکات، بەڵام هانا بۆ بێهیوایی نابات، با خەمناکیش بێت، بەڵام هەر بەسەر کەتواردا کراوەیە و خۆی دوورەپەرێز ڕاناگرێت.

شیعر دەربڕینێکە سەرساممان دەکات، بەدەم خوێندنەوەیەوە، سەرنجمان لە کوتوپڕی هەڵدەنووتێت و تووشی وێنەی وا دەبین، هەر لە کشانی لەناکاوی ئەسێترە دەچێت. ئەوە ڕاست نییە کە شیعر خۆڕسکانە لەدایک دەبێت، ئاخر هەر ڕستەیەکی شیعری بگرین، وەختێکی زۆری ویستووە تا پێگەییشتووە. (شیعر نووسینە بە تەباشیری سپیوسۆڵی ژیان، لەسەر تەختەڕەشی مردن. شیعر پەڕە پەڕە هەڵدانەوەی کتێبەیلی، دارستان و بیابان و ئاسمان و زەریای نێو ناخی شاعیرە. وەک چۆن لەنێو قەدی هەر درەختێکدا، ئەڵقەکانی گەشەکردنی هەیە، لە هەر دیوانێکیشدا، قۆناغەکانی ژیانی شاعیر، هەر لە منداڵییەوە تا پیری هەیە.)

(وەک چۆن لەژێر ئاسماندا هیچ شتێک لە ئاو نەرم و نیانتر نییە، بەڵام هیچ شتێکی ڕەق و سەختیش خۆی لەبەر هێزیدا ڕاناگرێت،) لە دونیای نووسینیشدا زمانی هیچ ژانرێک لە هی شیعر، تەڕوبڕتر نییە، بەڵام هیچ بەرهەمێکی دیکەی ئەدەبی، هێندەی شیعر بەرگەی تێپەڕبوونی زەمان ناگرێت. زمانی شیعر نەرم و نیانە، بەڵام ئەفسوونەکەی لەوەدایە پتەویشە، بەبێ ئەوەی سەخت بێت. کە شیعرێک دەبینین، سەرمان لە جوانییەکەی سووڕ دەمێنێت، ئەوە ئەو جوانییەیە وا دەکات، پڕبێت لە چێژی هونەری. ئەوە شیعرە، خەونمان شیرین و خەیاڵمان زەنگین ودڵمان بەرین و بەرچاومان ڕۆشن دەکاتەوە. شیعرمان ڕوون و ڕەوان نابێت، ئەگەر هەستمان ناسک و دەربڕینمان قووڵ و چڕ نەبێت. ئەو شیعرە ئاسانەی سەرساممان دەکات، بەرهەمی کۆششێکی دژوارە، هەر وا بە سانایی لە دایک نەبووە. شیعر دوژمنی زۆرە، بەڵام دوژمنە سەرسەختەکەی سانسۆرە، سانسۆری سیاسەت و هی ئایین، بە تایبەتی کە ئەو دوو دەسەڵاتە، هەردوو لایان دەکەونە هەمان سەنگەرەوە.

شیعر لە هەمان ساتەوەختدا فۆرم و ڕیتمی خۆی دەبینێتەوە، ئاخر شێوەی شیعر و وموزیکی شیعر، دووانەیەکی لە جیابوونەوە نەهاتوون. موزیک ڕۆحی شیعرە، ڕۆحێکی ناوەکی و دەرەکی، ناخر موزیکی ناوەوەی شیعر، خۆڕسکانە دەڕژێتە دەرەوەی شیعرەکەیش و تەنانەت مانایش لە شیعردا، لە شێوەی موزیکدا خۆی نمایش دەکات. شیعر نە ڕەدووی کەسێک دەکەوێت نە فیکرێک، دوای دڵی شاعیر کە ڕێنیشاندەری هەواری خۆشەویستییە دەکەوێت و بەس، ئاخر ئەوە تەنیا دڵە کە شاعیر نائومێد ناکات. شیعر ڕێگەچارەیەکە بۆ هەڵاتن لە دەستی ترس، شیعر با سەرچڵییەکیش بێت بۆ رزگاربوون لە مەترسیی مردن، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە، ئەنجامی ڕیسکەکە دڵخۆشکەر بێت.

داهاتوو گەشتر نابێت، ئەگەر ژیان لە گۆڕاندا نەبێت، گۆڕانێک کە دەروونمان ئاوەدان بکاتەوە، نەک گۆڕانێک بمانکاتە کۆیلەی قازانجی ماددی، ئاخر ئاسوودەیی زادەی قازانجی ماددی نییە و دەشێت سامانێکی زۆر شک ببەین، وەلێ وەک ڕۆح هەژار بین و هەست بکەین ناخمان پڕە لە بۆشایی. هەژاری ئەوە نییە، خاوەنی هیچ نەبین، ئەوەیە گوێ بە ئازار و خەمی ئەوانی دیکە نەدەین. کاتێک زەنگینین کە لە ناوەوە نەک بە ڕووکەش، هێمن و ئاسوودە بین. ئاسوودەیی زادەی ئەوەیە، بایەخ بە چلۆنایەتی بدەین، نەک بە چەندایەتی. ئەوە مایەی شانازییە، خاوەنی خودی خۆمان بین نەک خاوەنی کۆشک و دراو. دەوڵەمەند کەسێک نییە کۆیلەی هەژموونی وەخت بێت، کەسێکە وەختی جڵەو کردبێت و فێری هونەری ژیان بووبێت.

ئەوە شیعرە، هەم دەروونمان ئاوەدان دەکاتەوە و هەم لێ ناگەڕێت خودی خۆمان لەکیس بچێت، هەم بە هونەری ژیان ئاشنامان دەکات و هەم دەمانداتە بەر ڕێژنەی بارانی ئاسوودەیی. شیعر دەروونمان لە ڕق پاکژ دەکاتەوە، تووڕەبوونمان بنبڕ دەکات و لێ ناگەڕێت هەڵبچین. شیعر هێورییمان پێ دەبەخشێت و فێری ڕامانمان دەکات. شیعر فێرمان دەکات ڕەخنە لە خۆمان بگرین و هەندێک جار پێکەنینمان بە خۆمان بێت. شیعر دەرمانێکە لێ ناگەڕێت ژاری چاوچنۆکی، ژیانمان لێ تاڵ بکات. شیعر فێرمان دەکات، (ئەو دونیایەی خەونی پێوە دەبینین، لە ناخماندا ڕۆی بنێین.)

خەم بەشێکە لە شاعیر، خەمێکی ڕۆمانتیکی دەرەکی نا، خەمی قووڵی ئینسانێکی تەنیا و غەریب لەم گەردوونە بەردینەدا. کێشەی شاعیر ئەوەیە، ئەو کاتەی لەنێو خەڵکدایە، تەنیاتر و نامۆترە. شاعیر نە بەرگەی تەنیایی و غەریبی دەگرێت، نە توانای ئەوەی هەیە لەنێو قەڵەباڵغیدا بژی و زیاتر کەسێکی دوورەپەرێزە، وەک لەوەی کۆمەڵایەتی بێت. لای شاعیر ئیمان گرنگە نەک ئایین، ئاخر ئیمان پێوندییەکی ئازادانەیە لە نێوان شاعیر و خوادا، بەڵام ئایین ئینسانەکان پەرت دەکات و دەبێتە هەوێنی بەرپابوونی جەنگ لە نێوانیاندا. شاعیر قەت بڕوا بەوە ناکات، خودا ئەوەی پێ خۆش بێت، ئەو هەموو خوێنە لە پێناوی ئەودا بڕژێت. ئەوە عیشقە بۆ ئازادی، کە شاعیر دەستپاکانە، هەست و بیری خۆی دەردەبڕێت، نەک گەڕان لە دووی ڕووناکی و خەوبینین بەوەوە وەک قارەمان ناوی بڕوات. شاعیر کەسێک نییە ترسی لە دڵدا نەبێت، کەسێکە لە ئەنجامی هەستکردن بە مەترسییەوە، باس لە ئازادی و داهاتووی گەش دەکات. شاعیر ئەوە دەنووسێت کە ناخی داوای لێ دەکات، نەک ئەوەی هیزێکی دەرەوەی ناخی دەیخوازێت. شاعیر کەسێکە ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردووە و لە دەرەوەی دونیای نووسین، هەست بە بوونی خۆی ناکات.
*
(١) إدغار مورین، ما زلنا برابرە، ترجمە: مدنی قصری.

ھەواڵی زیاتر