ئەمڕۆ دووشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین، بە یاوەرى شاندى یاوەرى و بە ئامادەبوونى نادر سادقی جێگری پارێزگاری ئورمییە بۆ کاروباری بازگانی، سەردانى ژوورى بازرگانى و پیشهسازیی ئورمییەى کرد و لەلایەن حەسەن ئینتزار سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشهسازیی ئورمییە و دهستهى كاگێرى و بەشێک لە ئهندامانى ژوور بە گەرمى پێشوازى لێ کرا.
لهدیدارەکەدا پارێزگارى ههولێر تیشكی خستهسهر ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جولە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنى ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولادا، لەمبارەیەشەوە تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە و ڕایگەیاند: وهكو پارێزگای هەولێر هەموو هەولێکی خۆمان خستۆتهگهڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لەشارەکەمان و ئامادهین هەموو ئاسانکارییەکی یاسای و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانانى كۆمارى ئیسلامى ئێران و وڵاتانى دیکەش بکەین تاوەکو ڕۆل و کاریگەرییان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و پهرهپێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەولێرى پایتەخت.
لای خۆیەوە حەسەن ئینتزار سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشهسازی ئورمییە وێڕاى خۆشحاڵى خۆى بە سەردانەکەى پارێزگارى هەولێر، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێکى خۆیان دەخەنەگەڕ لە پێناو پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازى و بازرگانییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ پێشخستی زیاترى بازرگانى و پیشەسازی نێوان هەردوولا.
لە کۆتاییشدا لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر دیارى پارێزگا کە بریتى بوو لە قەڵا و منارى هەولێر، پێشکەش بە نادر سادقی جێگری پارێزگاری ئورمییە بۆ کاروباری بازگانی و حەسەن ئینتزار سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشهسازیی ئورمییە کرا، ههروهها سەرۆکی ژوورى بازرگانى و پیشهسازی ئورمییە دیارى ژوورى پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرد.