هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا لەبارەی کۆچبەرە خنکاوەکانی نۆکەندی ئینگلیز ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییانی رووداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز بڵاوكردەوە و داوای كردووە روحی قوربانییانی ئەم رووداوە نەکرێتە بابەتی موزایەدە و بەحزبیكردن.

لە روونکردنەوەكەی نوێنەرایەتییەكەدا بۆ رای گشتی هاتووە “سەر لەبەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ تەرمی ١٦ قوربانی رووداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز لەرێگەی فرۆکەخانەی هەولێر گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و رادەستی بنەماڵەکانیان کران. هەر لە رۆژی یەکەمی رووداوەکە، نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەگەڵ لایەنی فەرمی لە حکوومەتی فەرەنسا کەوتە پەیوەندی و بەدواداچوون بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە بێسەروشوێن بوون”.

هەروەها تیایدا هاتووە “دوای دۆزینەوەی ژمارەیەک لە تەرمەکان، بەداخەوە دەرکەوت کە ١٦ لە قوربانییەکان هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستانن بۆیە لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی فەڕەنسا داوای بەڵگەنامە و پەنجەمۆری ئەو قوربانیانەی لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا کرد. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم بە نووسراوێکی فەرمی لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەنجەمۆری ئەو قوربانییانەی بۆ ناردین و ئێمەش رادەستی تیمی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و پزیشکی دادییمان کرد، بەردەستبوونی پەنجەمۆرەکان ئاسانکاری تەواوی کرد بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوڕبانییەکان ، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان رۆژی چوارشەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی٢٠٢١ لە نەخۆشخانەی شاری لیل بەڵگەنامە فەرمییەکانی هەر ١٦ تەرمەکە رادەستی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا کرا و بە سوپاسەوە باڵوێزخانەی عیراقی فیدڕاڵ لە پاریس هاوکار بوون لە پەسەندکردن (تەسدیق)کردنی دیکیۆمێنتەکان”.

ڕوونكردنەوەكە ئاماژەشی بەوە داوە “لەسەر راسپاردە و ئەرکی نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان لە رێگەی بەشی کارگۆی هێڵی ئاسمانی تورکی ئەنجام درا و لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٦ کانوونی یەکەم تەرمی قوڕبانییەکان گەیشتنەوە فرۆکەخانەی هەولێر، دوای واژووکردنی دیکیۆمێنتی گەیشتن و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە فرۆکەخانە لەلایەن نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەر شانزە تەرمەکە لە کارگۆی فرۆکەخانەی هەولێر رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و لەرێگەی ئامبوڵانسەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، تا دوا مەنزڵگایان بەڕێکران. نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گشت ئەو لایەن و رێکخراو و دەزگا و کەسانە دەکات کە خەمخۆرانە لە هەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەم قوربانیانەدابوون، ئەرک و ماندووبوونیان بەرزدەنرخێین بەڵام هاوکات داواکارین روحی ئەم قوربانیانە نەکرێتە بابەتی موزایەدە و بە حزبی کردن و هیچ مەرامێکی دیکە”.

لە كۆتاییشدا جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی ئەو رووداوە كردووە و هیوای خواستووە چیدیکە نەبنە شاهیدی رووداوی هاوشێوە و داواشی لە هاونیشتیمانیان بەتایبەتی گەنجەکان كردووە چیدی فریوی قاچاخچییەکان نەخۆن و ئەو رێگا نایاسایی و پڕ مەترسییانە نەگرنەبەر بەمەبەستی کۆچ.