بە فیزەی قاچاخی گەشتیاری حەجكردن قەدەغەیە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

حەجکردن جیا لەوەی کە فەریزەیەکی پیرۆزە، یەکێکە لە پایەکانی ئیسلام و ساڵانە موسوڵمانان لە تەواوی وڵاتانی جیهانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە پیرۆزە ڕوو لە وڵاتی سعودییە دەکەن.

لەبەر زۆری ڕێژەی ئەو مسوڵمانانەی کە لە وەرزی حەجکردندا سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، حکوومەتی سعودیە، ساڵانە ڕێگە بەژمارەیەکی دیاریکراو لە هاووڵاتییانی هەروڵاتێک دەدات سەردانی بکەن و لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە ڕێژەیەکی دیاریکراو ڕێگەیان پێدەدرێت، بەڵام ئەمساڵ سەدان هاووڵاتی تری هەرێم لە ڕێگەی فیزای عەمرە یان گەشتیارییەوە دەیانەوێت حەج بکەن. ئەوهاووڵاتییانەش ژمارەیان زۆرە و نەک تەنها لە هەرێم بەڵکوو لە زۆرێک لە وڵاتانی تری جیهان ئەمساڵ ئەو ڕێگەی حەجکردنە بووەتە دیاردە کە ئەمەش ئاسایشی حاجیان دەشێوێنێت.
ئەمە جگە لەوەی هەندێک کۆمپانیای دیکە هەستاون بە دروستکردنی فیزای حەجی ساختە. (محه‌ممه‌د بەسامی)، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتیی سعوودیه‌ ڕایگه‌یاند، ئه‌م ساڵ ده‌ستیان به‌سه‌ر ١٤٠ كۆمپانیای ساخته‌دا گرتووه‌.
هەرچەندە حەج کردن لەڕێگەی ڤیزەی گەشیارییەوە لە دیندا قەدەغە نەکراوە و حەجەکەیان بەهامان شێوەی حاجییەکانی دیکە دروستە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە قەدەغەیە چوونکە قەرەباڵغی ولۆدێکی زۆر لەسەر ئەو شوێنە دروستدەبێت و بەهۆی زۆری ژمارەیان کاریگەری نەرێنی بۆ سەر سەلامەتی حاجیان دروست دەبێت و دەبێتە هۆی پاڵەپەستۆ و برینداربوون و هەندێک جار بۆ بە تەمەنەکان مردنیشی لێدەکەوێتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێک ٨٠٠هەزار موسڵمان چوونەتە حەج.
جێی باسە ئەمساڵیش تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠هەزار کەسی تۆمارکراو گەیشتوونەتە سعوودیە بۆ ڕێوڕەسمی حەج.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودییەش هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی دەستپێکرد، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسی سەرپێچیکردنی ڕێسا و ڕێنماییەکانی حەج و هەڵمەتی ساختە و پراکتیزەکردنی ساختەکاری ئەلیکترۆنی لە زیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیهان، ئەمە جگە لەوانەی کە بە ڤیزەی عەمرە و گەشتیاری دەچنە ئەو وڵاتە. لە ئەنجامی هەڵمەتەکەشیاندا نزیکەی ٣٠٠هەزار هاووڵاتییان دەستگیکرد و دووریانخستنەوە چوونکە ناویان تۆمارنەکرابوو بۆ چوونە حەج.
هاوکات بەڕێوبەری حەج و عەمرەی هەرێم دەڵێت هۆشدارییان داوە بە هاووڵاتییان لەوەی لەم شێوازی حەجکردنە دووربکەونەوە چوونکە دەبێتە هۆی مەترسی گرتن و سزای دارایی بۆیان لەبەر ئەوەی وڵاتی سعودییە ڕێگە بەو هاووڵاتییانە نادات کە دەیانەوێت بە ڤیزەی عەمرە و گەشتیاری حەج بکەن بەڵکوو دەبێت ڤیزای حەجیان هەبێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان،ڕایگەیاند، ئێمە هۆشداریمان بەو کۆمپانیانەی حەج و عومرە داوە کە بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، خۆیان بە دوور بگرن لە بردنی هاووڵاتییان بۆ حەج بە ڤیزای ساڵیی، یاخود ڤیزای عەمرە و ڤیزای گەشتکردن و بازرگانیی چوونکە لەوێ دووچاری کێشە دەبنەوە و جگە لەوەی زیانە بۆ کەسەکان لەهەمانکاتدا بۆ ناو و ناوبانگی ئەو وڵاتانەش باش نیە کە بەو شێوازە هەندێک لە هاووڵاتییەکانیان بیانەوێت حەج بکەن.”
هاوکات گوتەبێژی حەج و عەمرەی هەرێم وتیشی، هەر کۆمپانیایەک لەسەری ساغ بێتەوە خەڵکی بە ڤیزای بازرگانیی بردبێت بۆ حەج، کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی سعوودیەیە، ڕێگەیان پێ نادرێت جارێکی دیکە کاری گواستنەوەی حاجییان بکەن.

ھەواڵی زیاتر