شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

هێمن هەورامی: کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بابەتێکی یاساییە پێش ئەوەی بابەتێکی سياسی بێت

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا و پێشنیاز ماون دەنگیان لەسەر بدرێ، یەکێک لەو بابەتانەش کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە و بابەتێکی هەستیارە.

هەورامی،لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “کاتێک کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2014 دروستکراوە، خولی یەکەمیان بۆ 5 ساڵە و لە 23/12/2019 کۆتایی هاتووە، لەناو یاسای کۆمسیۆن هاتووە دەتوانرێت بۆ جارێک بۆیان درێژ بکرێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لەسەر چ بنەمایەک دروستکراوە، بێگومان بە رێککەوتنی نێوان پێنج حزب بووە کە ئەوکات لەناو پەرلەمان بوون، ئێستا نەخشەی گۆڕاوە، هەندێک فراکسیۆن ئێستا لە پەرلەمان هەن ئەوکات نەبوون، ئێمە وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان هانی لایەنەکان دەدەین، کە کۆمسیۆن بە تەوافق دروست بکەینەوە، چونکە بابەتێکی یاساییە پێش ئەوەی بابەتێکی ساسیی بێت”.

گوتیشی: “ئێمە لەم خولەدا کۆمەڵیک بابەتمان لەسەر شان ماون، بەتایبەتی دەنگدان بە کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا، هەندێکیان خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە، بابەتی کۆمسیۆنیش بابەتێکی هەستیارە، بێگومان لە سەرەتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، دانیشتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین و بڕیاردەدەین کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەین”.