سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دەرگه‌ی سایلۆکانی هەرێم بەڕووی جوتیاران دەکرێنەوە

ڕۆژى پێنجشەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بە ئامادەبوونی سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و د. حه‌یده‌ر گرعاوی، بەڕێوەبەری گشتيی کۆمپانیای بازرگانيی دانەوێڵە و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی عێراق و نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتيی بازرگانيی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ و کردنەوەی دەرگه‌ی سایلۆکانی هەرێمیان ڕاگەیاند.

لە گوتەکانیدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌ كردنه‌وه‌ى سایلۆكانمان ده‌كه‌ين، به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیاران، ئێمه‌ وه‌كوو وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه‌، ئاماده‌ین بۆ هه‌موو ئاسانكاریيەك بۆ ئه‌وه‌ى جوتیاران بتوانن به‌ئاسانى گه‌نمه‌كانیان ڕاده‌ست بكه‌ن، داواشيان لێ ده‌كه‌ین ئه‌وانیش هاوكارمان بن وه‌ ئێمه‌ش هاوكارى ئه‌وان بین، تا بتوانین به‌ شێوه‌یه‌كى ڕێكوپێك پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌موو ئه‌و گیروگرفتانه‌ى كه‌ ڕه‌نگه‌ دروست بن، لایان ببه‌ین له‌به‌رده‌مى جوتیاره‌كانمان.

وە پشت به‌و پسولانه‌ ده‌به‌ستین كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌ ده‌درێن به‌ جوتیار، بۆیه‌ هه‌ر جوتیارێك بیه‌وێت گه‌نمه‌كه‌ى ڕاده‌ست بكات، ده‌بێت پسوله‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى پێ بێت، چونكه‌ به‌بێ ئه‌و پسوله‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین گه‌نم له‌ هیچ كه‌سێك وه‌ربگرین.

پاشان د.حه‌یده‌ر گرعاوی، بەڕێوەبەری گشتيی کۆمپانیای بازرگانيی دانەوێڵە و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: ده‌رگه‌ى سایلۆکان بۆ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك و شوێنه‌كانى تر ده‌كرێنه‌وه‌، دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر د. محه‌مه‌د شیاع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق ڕه‌زامه‌ندی دا، له‌سه‌ر پلانى وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ بڕه‌كه‌ى ٧٠٠ هه‌زار تۆن گه‌نمه‌، دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر هه‌ر سێ پارێزگه‌كه‌ى هه‌رێمدا، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ى دیاریكراوه‌ بۆ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم، له‌ ئێستادا ٥ ملیار دینار خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ژمارى بانكيى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى، بڕیاره‌ له‌ دوو ڕۆژى داهاتوودا ٢٠ ملیار دینارى دیكه‌ بخرێته‌ سه‌ر ئه‌ژمارى بانكيى وه‌زاره‌ت، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ش جوتیاران ده‌توانن قۆناغ به‌ قۆناغ له‌گه‌ڵ ڕاده‌ستكردنى گه‌نمه‌كانیان، شایسته‌ داراییه‌كانیان وه‌ربگرن. وه‌ سوپاس و پێزانینى خۆى و وه‌زیرى بارزگانيى عێراقى ئاراسته‌ى هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستان و بریكارى وه‌زاره‌ت بۆ كاروبارى بازرگانى كرد، له‌ پاى هه‌وڵ و هاوكاریكردنیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى بارزگانيى عێراق، بۆ ئاسانكارى جوتیارانى هه‌رێم له‌ وه‌رگرتنى گه‌نمه‌كانیان و كردنه‌وه‌ى سایلۆكان.

هەر لەمیانی کۆنگرەکەدا، بریکاری وەزارەت، بۆ کاروباری بازرگانی، وردەکاری پرۆسەکە و چۆنیيەتی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: لەو ٧٠٠ هەزار تەنەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کە ٢٠٠ هەزار تەنی لە ساڵی پار زیاترە و ٢٨٢ هه‌زار ته‌نى بۆ سلێمانى، ٢٢٨ هه‌زار ته‌نى بۆ هه‌ولێره‌، ١٨٩ هه‌زار ته‌نيشى بۆ دهۆكه‌، داوامان له‌ برا جوتیاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پابه‌ندى ئه‌و ڕێنمایى و ڕێكارانه‌ بن كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌يتى گشتيى كشتوكاڵى پارێزگه‌كانه‌وه‌ له‌ بنكه‌كان هه‌یه‌، كه‌ بتوانن گه‌نمێكى خاوێنمان ڕاده‌ست بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كاته‌كه‌ى دیاری كراوه‌ و پێویسته‌ له‌ ماوه‌ى ٤٥ ڕۆژدا كۆتایى به‌ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیاران بهێنین، گه‌نمێك كه‌ پشكنینى بۆ كرا جارى دووه‌م بوارمان نابێت پشکنینى بۆ بكه‌ینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نۆره‌ى بنكه‌كانى تر دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆیه‌ داوایان لێده‌كه‌ین گه‌نمه‌كه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ پوخته‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر جارى یه‌كه‌م گه‌نمه‌كه‌یان له‌ پشكنین ده‌رنه‌چێت، ناتوانین جارى دووه‌م پشكنینى بۆ بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دووباره‌ پشكنین بكه‌ینه‌وه‌ بوار بۆ جوتیارانی ديكه‌ نامێنێت.