تا کەمتر لە دوو مانگی تر دەبێ ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی هەرێم بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانیان دەستی پێ کردووە بەڵام زۆربەیان ڕازی بە گەڕانەوە نین چونکە جگە لە وێرانیی ناوچەکانیان و کێشەی تەناهی، ئەو برە پارەیەی پێیان دەدرێت زۆر کەمە و چارەگێک لە پێداویستییەکانیشیان بۆ دابین ناکات، حکوومەتی عێراق بۆ ناچارکردنیان بە گەڕانەوە هاوکارییە داراییەکانی ڕاگرتووە.

پلانەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەر لە سەرەتای ئەمساڵی زاینی پلانێکی خستە ڕوو بۆ ئەوەی تا کۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ سەرجەم ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێندرێنەوە و پلانەکەش دەست بە جێبەجێکردنی کراوە بەڵام وا پێدەچێت تا کۆتایی تەمووز حکوومەتی عێراق نەتوانێت پلانەکەی بە تەواوی سەربخات.
ویستی ئاوارەکان بۆ گەرانەوە زۆر لاوازە و بەهۆی ئەوەی کە داواکارییەکەش ئارەزوومەندانەیە پێشوازییەکی کەمی لێ کراوە بەڵام حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمە هاوکاری و یارمەتییەکانی لەسەریان پچڕاندووە.

ئاوارەکان نزیکەی بیست و پێنج هەزار خێزانن
بەپێی ئامارێک کە عەلی عەباس جەهانگیر گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق خستوویەتە ڕوو، ژمارەی ئاوارەکانی عێراق بە بیست و پێنج هەزار خێزان دەخەمڵێنرێت کە سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
زۆربەی ئەو ئاوارانە هی پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و چەند پارێزگایەکی تری عێراقن. یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانی وەزارەتەکە ئەوەیە کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق بهێنێت و سەرجەمیان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان.
هاوکات ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەری دەخات کە شەست و سێ هەزار خێزانی ئاوارە لە پارێزگای دهۆک دەژین، بیست و پێنج هەزار خێزانیان لە بیست کەمپدان سی و حەوت هەزار و هەشتسەد خێزانی ئاوارەش لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین. زۆربەی ئاوارەکان ڕەگەزنامەیان عێراقییە و سەرووی ٥%یان هی ڕۆژئاوای کوردستانن.

ئاوارەکان ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستانیان دەوێ
بەشێک لەو ئاوارانە تێکەڵاوی کۆمەڵگەی کوردستان بوون و بە ژیان پڕئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاهاتوون و تەنانەت بە پیشەی جیاواز خەریکن، ئاوارەکان سەرەڕای ئەوەی کە لە ئاوارەییدا دەژین بەڵام دڵیان لە کوردستان بەرنابێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەرڕای ئەوەی کە خۆی لە قەیرانی داراییدا بوو بە دڵێکی کراوە پێشوازی لە ئاوارەکان کرد و جگە لە بنیاتنانی دەیان کەمپ بەشێکیشیان هەر لە نێو شارەکان گیرسانەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی وەک خوێندن و کارەبا و خۆراکیان بۆ دابین کراوە.
گەڕانەوەی سەرجەمیان بە شتێکی ئاستەم دێتە بەرچاو و هەر بۆیەش گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پێی وایە گواستنەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکیی خۆیان پێویستی بە پلانێکی تۆکمە و ڕێگەچارەیەکی گونجاو هەیە.

ئاوارەکان چۆن هاوکارییان دەکرێت؟
حکوومەتی عێراق پێشتر ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی تەواوی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن خۆیان سەرپشک بکرێن لەوەی بۆ شوێنی پێشووی نیشتەجێبوونیان بۆ گەرانەوە هەڵدەبژێرن یان شوێنێکی تر دەستنیشان دەکەن. تەنانەت بڕیاری دا هەر خێزانێکی ئاوارە لە کاتی ڕازیبوون بە گەڕانەوە، چوار ملیۆن دیناری پێ بدرێت و لەگەڵ ئەمەدا کۆمەڵێک پاڵپشتیی تریان لێ بکات. بۆ نموونە ئەوانەی بە گەڕانەوەیان پیشە یان کارەکەیان لە دەست دەدەن، ئەوا ئەرکی حکوومەتە کارێکیان بۆ دابین بکات و خانووی هەرزانیان بۆ بنیات بنێت تا بتوانن لێی سوودمەند بن و هەر زیانێکیش کە بە خانووەکانی پێشوویان کەوتووە، قەرەبوویان بکاتەوە.

ئاوارەکان
پێویستە بگوترێ هاتنی شەپۆلی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش سەری هەڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای نەینەوا ڕوویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد. ئەو شەپۆلی ئاوارەبوونە دواتر پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنباریشی گرتەوە و بەهۆی ئەوەی کە ئارامترین شوێنی عێراق هەرێمی کوردستان بووە هەموویان لێی گیرساونەتەوە. جگە لە ئارامییەکەی، هەرێمی کوردستان مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوە و ئاینزاکان بووە و ئەو ستەمەی لە پارێزگاکانی تری عێراق لە پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکان کراوە لە کوردستان نەبینراوە.

ھەواڵی زیاتر