ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان بەرپرسانی هەرێم و ئێران دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەرۆکایەتیی محەممەد سادق معتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی دیکە، گەیشتنە ھەرێمی کوردستان، ئامانجی ھاتنی ئەو شاندە بۆ قسەکردنە لەسەر ئامادەکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاتنی زیارەتکارانی شیعە وەکو ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوو کراوە، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پارێزگاری ورمێ سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد و گوتی، ترانزێدی بازرگانی بەڕێژەی ٢٥٠% زیادی کردووە.

ڕۆژی یەک شەممە، ٢-٦ پارێزگای ھەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەیان بە مەبەستی کارئاسانیی بۆ زیارەتکارانی ئێران و بەشدارییان لە چلەی ئیمام حوسێن کردووە، کە بڕیارە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و تەمەرچینەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکان لە باشووری عێراق بکەن، ھەروەھا ڕاییکردنی مامەڵەی زیارەتکاران و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆیان و دواتر گواستنەوەیان بۆ ھەولێر و پاشان بەڕێکردنیان بەرەو بەغدا، جەختی لەسەر کرایەوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا دانیشتن و گفتوگۆکانی نێوان پارێزگاکان دەستکەوتی باشی ھەبووە، ھەروەھا لە ھەموو بوارەکانی، بازرگانی، کەلتووری و ڕۆشنبیری و بوارەکانی دیکە بەرەوپێشچوونێکی باشی بە خۆیەوە بینیووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە پەیوەندییەکانمان بەو شێوەیە نەبووبێت، بەڵام دوای سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێکی دیکە پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەوە، ھەر دوێنێ پارێزگارەکانی سنە و کرماشانیش لە سنووری سلێمانییەوە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بڕیاریش وایە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە ھەولێری پایتەخت بکرێت و زیاتر پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بدەین.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێت: سەردانەکەی ئەو شاندە بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوولایە، یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان بابەتی دەروازەی “کێلە شین”ـە لە سنووری قەزای سیدەکان.
ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا محەممەد سادق معتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ، گوتی: خۆشحاڵین کە لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵ ئەمە چوارەم جارە میوانی برایانمان دەبین لە ھەرێمی کوردستان، شاندی یاوەرم شاندێکی باڵای ئابوورییە و پێکھاتوون لە نوێنەرانی شارە سنووریەکانی “پیرانشار، سەردەشت، شنۆ، مەھاباد و نەغەدە” ئەمەش گرنگی پەیوەندییەکانی ھەردوولامان نیشان دەدات.
معتەمیدیان، باسی لەوەشکرد، ئێمە لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا ڕێککەوتنی باشمان لە پەرەپێدانی ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی کردووە، ھەروەھا زۆرینەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کراوە، کاریگەرییەکانیش لە بواری ئابووری دەبینین.
پارێزگاری ورمێ، زیاتر گوتی: لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا زیاتر لە ٢٥٠% ترانزێت لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ بۆ ناو ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، ھەروەھا نزیکەی ٤٠% ھەناردەمان زیادی کردووە، ئەمەش نیشانەی پەیوەندی و ھاوکارییەکانی دوو لایەنە کە لە ساڵانی ڕابردوو گرنگی پێدراوە، ئەوەش ڕێنمایی ئیبراھیم ڕەئیسی بوو کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باش بێت.

ھەواڵی زیاتر