سەفا عەلی، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو:لە ٦ مانگی ڕابردوودا نزیکەی سی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە هاووڵاتییان دراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێم و بەگوژمەی ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری ناحیەی گۆڕەتوو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ دەکرێن. سەرۆکی شارەوانی ناحیەکە، دەڵێت: لە داھاتوودا چەند پڕۆژەیەکی دیکە جێبەجێ دەکرێن.

`سەفا عەلی، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، ڕایگەیاند: ڕێگاوبانەکانی سی و پێنج کۆڵان بەدرێژایی سی و پێنج ھەزار مەتر دووجا تێکەلەڕێژ و قیڕتاو دەکرێن، لەگەڵ جێبەجێ کردنی ئاوەڕۆی لوولەیی، ئەویش بە درێژایی دوو کیلۆمەتر.
سەرۆکی شارەوانی ناحیەی گۆڕەتوو، گوتیشی: ھەموو ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەکرێن بەگوژمەی نزیکەی ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینارە، نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی زۆر ھاوکارە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە کە بە ئاست و کوالیتییەکی زۆر باش لە کاتی خۆیاندا تەواو دەکرێن.
ھەروەھا دەشڵێ: بەجێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە گرفتی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانییەکەمان تا ڕادەیەکی زۆر چارە دەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەرخستە بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکە کراوە و لە داھاتوودا کە پێویستن لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە لە وەرزی زستان ئاوێکی زۆر لێی کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی شارەوانی گۆڕەتوو، ئاشکراشی کرد: ھەر کەسێک بیەوێت لە سنووری شارەوانییەکەمان خانوو دروست بکات دەبێت مۆڵەت لە شارەوانی و ئەو لیژنەی کە پێکھێنراوە وەربگرێت، لە ٦ مانگی ڕابردوودا نزیکەی سی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە ھاووڵاتییان دراوە، ئەو زیادبوونەش دەبێت لەسەر بنەمایەک بێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کێشە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دروست نەبێت.

ھەواڵی زیاتر