نۆژەنکردنەوەی قشڵەی ئاکرێ کۆتایی هات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە شوێنەوار و کەرتە گەشتیارییەکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نۆژەنکردنەوەی قشڵەی ئاکرێی بەکۆتاھێنا و نۆژەنکردنەوەکەش گوژمەی سەد و شەست و شەش ملیۆن دینار تێچوو، بەوەش دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و سیمایەکی جوانیش بە شارەکە دەبەخشێت.

گەشتیاران زۆر دڵخۆشن بە سەردانیان بۆ ئەم قشڵەیە و ھەوڵ دەدەن زیاتر بەرەوپێشی ببەن و وێنەی کەسایەتییە ناودارەکان و مێژووی ئاکرێ لەسەر دیوارەکان ھەڵبواسرێن، قشڵەی ئاکرێ یەکێکە لە شوێنەوارە گرینگەکانی ئاکرێ، بە نۆژەنکردنەوەی دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و سیمایەکی جوانیش بە شارەکە دەبەخشێت.
قشڵەی ئاکرێ دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاکرێی کۆن کە شوێنێکی ستراتیژیی باشی ھەیە، بە تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نۆژەن کرایەوە، ئەم قشڵەیە لەسەر ڕووبەری ھەزار و چوار سەد مەتر چوارگۆشەیە، لە دوو نھۆم و سی ژوور و سێ ھۆڵ پێک دێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەدات و بەردەوامیش دەبێت.
ھیوا شیمال، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ، ڕایگەیاند، بە گوژمەی سەد و شەست و شەش ملیۆن دینار قشڵەی ئاکرێ لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەن کرایەوە، لە ئێستادا مەترسیی داڕمانی لەسەر نەماوە، لە پلانیشماندا ھەیە کە دوو مۆزەخانەی شوێنەواری و کەلەپووری، ھەروەھا گەلەریی ڕۆشنبیری و پەرتووکخانە بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و سەردانی زیاتری گەشتیارانی بیانی بۆ قەزای ئاکرێ دروست بکەین.
ھەروەھا گوتیشی: پێویستمان بە ملیارێک و چوار سەد ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قشڵەیە بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوەی بیکەین بە مۆزەخانە و چەندین کەلوپەلی شوێنەواریی مێژوویی لەو قشڵەیە دابنێین، لەپێناو سەرنجڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران بۆ قەزاکەمان.

ھەواڵی زیاتر