وەزیری کشتوکاڵ: سبەی دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پیشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت و سبەش دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە.

بێگەرد تەڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ” چەندین مانگە بەبێ ماندووبوون کارمان کردووە، عێراق پێویستی بە هەرچی دۆکیۆمێنت بووبێت ڕەوانمان کردووە، هەروەها شەوی ڕابردوو کاتژمێر 2ـی بەرەبەیان تیممان ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنتەکان ببەن، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت و وەزارەتی بازرگانیش لە بەیانییەوە دەرگای سایلۆکان دەکاتەوە.”

لە بارەی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە، ئاماژەی دا، ” ئەگەر گەنمێک لە دەرەوەی پڕۆسەی وەرگرتن مایەوە، ئێمە گرێبەستێکمان لەگەڵ کەرتی تایبەت هەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەسەندکراوی ئەنجوومەنی وەزیرانە، هەروەها لێژنەیەک لە دەستەی وەبەرهێنان هەیە ئەوان بڕیار دەدەن بڕی ئەو گەنمە وەربگرن کە لەدەرەوەی سایلۆکان دەمێنێتەوە، وە بڕی یەک تۆن گەنمیش لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار وەردەگیرێت”.

وەزیرەکەی کشتوکاڵ دەشڵێت: بەگوێرەی ئەو داتا سەتەلایتەی کە پێوانەی ڕووبەری داچێنراومان کردووە، بۆ دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی، پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت، بەڵام بەهۆی فیدباکی جووتیاران کە چەند بارانێکی ئەو دواییە و سووتانی بەشێک لەزەوی جووتیاران کاریگەری هەبووە.

گوتیشی: هەموو ساڵێک لە 1-6 دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ 2 بۆ 3 ڕۆژ بەراورد بەساڵی پار درەنگترە، ڕاشیگەیاند، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ کەمتەرخەم نین، لە مانگی یەکەوە داوای هاتنی لیژنەی کشتوکاڵی عێراقیمان کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی مەیدانی بکات، بەڵام خۆیان دواکەوتوون، هەروەها داوای کۆبوونەوەی لیژنەی 57مان کردووە کە سەرۆکی لیژنەکە وەزیری کشتوکاڵی عێراقە، بەڵام ئەوان دواکەوتوون و نەهاتوون تاوەکو دانووستان بکەین.

ھەواڵی زیاتر