ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، لە بەغدا، لهگهڵ محهممهد شياع سوودانى، سهرۆكوهزيرانى فيدراڵ كۆبووهوه.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهكهدا بارودۆخى عێراق به گشتى و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەرودوولا هاوڕابوون له سەر پێویستیی بهردهوامبوونی گفتوگۆى بنياتنهرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت”.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-05-2024، مەسرور بارزانی، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون، شتێکی زۆر ئاساییە ئێمە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو ئەو برادەرانەی بەرپرسن، دیدار و گفتوگۆ بکەین. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە کە برایەکی خۆشەویست و ئازیزمانە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی عێراق و حزبە سیاسییەکان “دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا (لەنێوان هەولێر و بەغدا) ماون”. وەکو خۆی گوتی، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی، بە مەبەستی “پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەیە کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکە (رێڕەو)ـی خۆی”.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.
لە وەڵامی پرسیاری “کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە کوێ گەیشت” سەرۆکوەزیران بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: “لەسەر ئەمەش باس دەکەین و ئینشائەڵڵا چارەسەر دەبێت”.