پارێزگاری دهۆک: ئەمڕۆ هاوکاریی سەرۆکوەزیران بەسەر دووکاندارانی بازاڕی “چەلێ” دابەش دەکرێت

پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت، ئەو هاوکارییە ماددییەی لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە پێشکەشی دووکاندارانی بازاڕی “چەلێ” کراوە، ئەمڕۆ بەسەریاندا دابەش دەکرێت.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-05-2024، هاوکاریی ماددیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەشی ئەو خاوەن دووکانانە دەکرێت کە بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی “چەلێ” زیانیان پێ گەیشتبوو.

پێش جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوو، هاوکارییەکی دیکەش پێشکەشی ئەو دووکاندارانە کرابوو. پارێزگاری دهۆک گوتی، “هاوکارییەکەی ئەم جارە جیاوازە و قەرەبووکردنەوەی بەشێکی ئەو زیانانەیە کە بەر دووکاندارەکان گەیشتووە”.

نزیکەی کاتژمێر 03:15ـی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 01-04-2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی “چەلێ” لە سەنتەری شاری دهۆک کەوتەوە. دوای چوار کاتژمێر و بە هەوڵەکانی زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانیی دهۆک؛ توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. بەهۆی ئاگرەکەوە دەیان دووکان و کۆگا سووتان.

ھەواڵی زیاتر