لە شەقڵاوە..پەردە لە سەر پەیکەرەی “دایکە حەلیمە” لادەدرێت

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.5.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى قائیمقامى شەقڵاوە، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى دانانى پەیکەرەی “دایکە حەلیمە” لە شەقڵاوە پرۆژەکەى بەسەرکردەوە.

دواى بەدواداچوون بۆ کارەکان، دەستخۆشى لە قائیمقام و بەرپرسانى دیکەى قەزاکە کرد بۆ دروستکردن و دانانى پەیکەرەی دایکی چوار شەهید و ناونانى چوارڕێانێک له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قڵاوه‌ بەناوى “دایکە حەلیمە” وەک هێمای خۆشه‌ویستی و به‌خشین و قوربانیدان و دڵنه‌وایی و دڵسۆزیی.

جێگەى باسە، “دایکە حەلیمە” دایکی چوار کوڕى شەهیدی کوردستانە کە له‌ ڕشبگیرى بەرەبەیانى 1986.10.16 دواى خوپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری له‌ شه‌قڵاوه‌ دژ به‌ جه‌ور و سته‌مكاریی ڕژێمی به‌عس، لەلایەن ده‌زگا داپلوسێنه‌ره‌كانى ئەو ڕژێمە دەستگیرکران و له‌ گۆڕستانی كارگه‌ی قیری هه‌ولێر لەگەڵ 18 هاوڵاتى دیکەى سڤیل گولە باران کران و له‌ 1991.9.16 لەلایەن به‌ره‌ی كوردستانی، ئێسك و پڕوسكی پیرۆزی هه‌موو ئه‌و قوربانی و تیكۆشه‌رانه‌، گەڕێندرایەوە شه‌قڵاوه‌ و له‌وێ له‌ گۆڕستانی زه‌یتوون بە خاکسپێردران، بە پاڵپشتیی پارێزگاری هەولێر و لەسەر پێشنیاری قائیمقامی شەقڵاوە لە لایەنی هونەرمەند “هادی زیائودینی” لە ناوەڕاستى شەقڵاوە پەیکەرەی بۆ دروستکراوە و لە ڕۆژانی داھاتووشدا پەردەی لەسەر لادەدرێت.

ھەواڵی زیاتر