مەسرور بارزانی لە سۆران: پرۆژەکانمان بەردەوام دەبن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناخەی چەند پرۆژەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، “وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان لە سەرجەم دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن”. 

بەشێکی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و مێهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر زۆر بە خێربێن

خۆشحاڵم جارێکی دیکە بەیەک دەگەینەوە. خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانین بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی گرنگ. دوێنێش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین بووین بۆ کردنەوەی پرۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە.

ئێمە هەوڵ و کۆششمان بۆ ئەوە بووە کە وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان لە سەرجەم دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن.

بەرنامە و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە تەنیا گرنگی بە شارە گەورەکان نەدرێت، بەڵکوو پێویستە لە پاڵ ئەوانیشدا شار و شارۆچکەکان گەشە بکەن و دیهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە.

دەڤەری سۆران لە زۆر ڕووەوە یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی، چونکە جیا لەوەی هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، لە ڕووی کشتوکاڵی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزاریشەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەکرێت ڕۆڵێکی دیار لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریدا دابگێڕێت. لە بواری گەشتیاریدا زەمینەیەکی زۆر لەباری هەیە و سەرقاڵی داڕشتنی دواقۆناغەکانی پلانی هەندێک پرۆژەی گەشتیارین کە ئەم ناوچەیە بە جۆرێک پێش دەخات کە هاوشانی ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی جیهان بێت و بە هەزاران دەرفەتی کار دەرەخسێنێت. 

سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە لە دەڤەرەکانی سۆران، بارزان، باڵەکایەتی و برادۆست پێکدێت؛ خاوەنی پێکهاتەیەکی دانیشتووانی هەمەڕەنگ و هەمەجۆرە. ئەمە نیشانەی دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیە کە لە شۆڕش و ڕاپەرینەکانی گەلی کوردستاندا قوربانییەکی زۆری داوە و ساڵانێکی زۆر مەڵبەندی شۆڕشەکانی کوردستان بووە.

هەروەها جێگەی خۆشحاڵیشە کە چەندین ساڵە پێکهاتە ئایینە جیاوازەکانی ئەم ناوچەیە؛ موسڵمان و کریستییانەکان، زۆر بە تەبایی و ئاشتییانە پێکەوە دەژین. هیوادارم ئەم کەلتووری پێکەوەژیانە پەرەی زیاتری پێ بدرێت و زیاتر قووڵ ببێتەوە.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین پرۆژە لەم سنوورە ئەنجام دراون، بێگومان پرۆژەی زیاتر و گەورەتریش لە پلان و بەرنامەی ئێمەدایە کە بۆتانی بکەین. بەداخەوە ئەو کێشە و قەیرانانەی بۆ ئێمە دروستکران، لە ماوەی ڕابردوودا، نەیانهێشت وەکو پێویست خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین، بەڵام ئێمە گەشبینین، بە خۆڕاگری و پشتیوانی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەموو قەیران و کێشەکان تێدەپەڕێنین  و ئەم دەڤەرەش زیاتر گەشە دەکات و دەبووژێتەوە.

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا لە ڕووی ئیداری و خزمەتگوزاری و گەشەسەندندا، هەست بە گۆڕانکاریی زۆری ئیداری سەربەخۆی سۆران دەکرێت ئەمەش کاریگەریی شوڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بەدەردەخات و ئاواتە خوازین بە هاوکاریی ئیدارە و هاووڵاتییان لەم دەڤەرەدا دۆخی خزمەتگوزارییەکان و ڕێکخستنەوەی ناو شارەکان باشتر بکرێت و لە هەمووشی گرنگتر وەک هەمیشە ئەو پەیامە دووبارە دەکەمەوە کە بە هەموومان پێکەوە ژینگە و سرووشتی جوانی کوردستان بپارێزین. بەتایبەتی ئەم دەڤەرە، دەڤەرێکی زۆر دڵڕفێنە، سرووشتێکی زۆر جوانی هەیە. من دڵنیام و هەموو هەوڵێکیشمان دەدەین بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە ببێت بە ناوچەیەکی گەشتیاری کە لە هەموو جیهاندا ڕووی تێ بکەن.

ئێوە هەر شاد و سەرکەوتووبن. کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.  

ھەواڵی زیاتر