كاتژمێر سفری مردن

سەدیق سەعید ڕواندزی

مردن یەكێكە لەو ڕووداوانەی، لە ژیانی هەموو بوونەوەرێك ڕوودەدات. وەك ئەوەی خودای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا، جەختی لێ كردۆتەوە، كە هەموو نەفسێك شایەن بە مردنە. وەك چۆن بوون هەیە، بەو شێوەیەش كۆتایی هەیە و ئەمەش یاسایەكی سرووشتی و فیزیكییانەی ژیانە و فاكتی بەردەوامی و مانەوەی هەموو بوونەوەرەكانە، بەو مانایەی ئەگەر هەر ژیان هەبووایە و مردن نەبووایە، هاوكێشەی ژیان و بەردەوامی ژیان چی لێ دەهات؟ یاخود بە پێچەوانەوە. ئەوەی مردن لە ڕووداوەكانی دیكە جیا دەكاتەوە، نەبوونی زەمەن و شوێنە، ئەمە بەو مانایە نا كە ئەوەی دەمرێت، لە كاتێك و لە شوێنێكدا نەمرێت، بەڵكوو مەبەست خودی كردەی مردنە، كە لە هاتنی نە كاتێكمان بۆی هەیە و نە شوێنێكیش، بەڵكوو بە نادیاری كردەی مردن ڕوودەدات. بۆیە مردن وەك ڕووداو، ناچێتە نێو چوارچێوەی زەمەنی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، بەڵكوو هاوتەریب لەگەڵ زەمەن دەڕوات و كردەكە لە ژیانی مرۆڤ و بوونەوەراندا، بەردەوامی دەبێت. مردن لە شیعری (كاتژمێر سفر) ی سەباح ڕەنجدەردا، ئامادەیەكی ناڕاستەوخۆی هەیە و لە شێوەیەكی دیكەدا دەردەكەوێت. گەرچی مردن تیمەی ئەم شیعرە پێكدێنێت، بەڵام لە كۆی شیعرەكە، ئێمە ڕاستەوخۆ بەر مردن ناكەوین، بەڵكوو لە ڕێگەی زمانی هێماو بە ڕووداوكردندا بەری دەكەوین، كە ئەمەش خەسڵەتێكی دیاری ئەزمونی ئەم شاعیرەیە، كە ڕووداو بە شیعر ناكات، بەڵكوو شیعر بە ڕووداو دەكات، بۆیەشە ئێمە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە شیعرەكانی ئەم شاعیرەدا، بەر هیچ ڕووداوێكی سیاسی و كەسی و نەتەوەیی ناكەوین، بەڵكوو لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە، جارێكی دیكە بەرجەستەیان دەكاتەوە. گەر سەرنج لە ناونیشانی ئەم شیعرە بدەین، دەبینین شاعیر كاتژمێر سفری داناوە، وەك هێمایەك بۆ مردن، كە كەس نازانێت كەی و چۆن و لە كوێ دێت و هاتنەكەی پەیوەستە بە كاتێكی نادیارەوە. كاتژمێر سفر، زۆرتر دەستەواژەیەكی سەربازییە و پەیوەستە بە دۆخی جەنگەوە، كاتێ هێزێك، كاتژمێر سفر وەك كۆدێكی نهێنی بۆ هێڕش و پەلامار بە كاردێنێت، ئەمەش لای بەرانبەرەكەی نەزانراوە، لێرەوەش كاتژمێر سفر، مانای هاتنی فریشتەی ڕوح كێشانە، لە كاتێكی نادیاردا. شاعیر لە سەرەتای شیعرەكەیدا دەڵێت:-
ناقۆڵای ئاماژە ڕەش
چاوی گرژی ورد كردەوە و قوربانی خۆی هەڵبژارد
بە تەنیشت گۆڕی كەمەر شلان تێپەڕی
وەستاو لە نیوەی پەیژەی ڕوخسار و تارمایی
بە ناو هەموو یادگارییەكانی تێپەڕیوە
شاعیر لە دەسپێكدا، فریشتەی ڕوح كێشانی لە شێوەی هێزێكی ڕەشی ناقۆڵا پیشان داوە، ئەمەش پەیوەستە بەو بارە دەروونییەی شاعیر، كە لە سەرو بەندی مەرگی قوربانییەكە و ئاوزینگدان بەری دەكەوێت. بێگومان لە ساتی مردنی ئازیزێكمان ئێمە نیگەران و خەمبار دەبین، ڕقمان لە مەرگە، بەڵام ئەمە یاسای ژیانە كە دەبێ هەر بمرین. دەگوترێت دوای ئەوەی هەموو بوونەوەرەكان دەمرن، خودا پرسیار لە فریشتەی ڕوح كێشان دەكات كێ ماوە بمرێت؟ ئەویش دەڵێت ئەی پەروەردیگارم من؟ خودا پێی دەڵێت دە ڕوحی خۆشت بكێشە، فریشتەی ڕوح كێشان، بەدەست كێشانی ڕوحەوە ئازارێكی زۆر دەكێشێت، ئیدی لەو ئازارە دەگات و دەڵێت گەر دەمزانی مردن هێندە بە ئازارە، ڕوحی كەسم نەدەكێشا. لێرەوەش ئەم هێزە ڕەشە، قوربانی خۆی دەبات و لە تەنیشت گۆڕەكانەوە دەوەستێت و بیر لە مردن دەكاتەوە و جۆرێك لە پەشیمانی لە مردنی ئەوانیتر دایدەگرێت، بۆیە لە گۆڕستان و كەمەرشلان ڕادەمێنێت، بیری ئەو یادگاریانەیان دەكات كە لە دوای خۆیان وەك سەرچاوەی ئازارێكی هەمیشەیی بۆ ئەوانیتری جێهێشتووە، لێرەدا مردن وەك ڕووداوێكی ئازاراوی، هەڵوەستەی بەو هێزە ناقووڵایەش كردووە، بۆ ئەوەی پرسیار لە مەرگی ئەو هەموو كەمەرە شلانە بكات كە بۆچی دەبێ بمرن؟ شاعیر دوای ئەوەی لە سەرەتای كردەی مردنەكەدا، جۆرێك لە تووڕەیی و فۆبیای بۆ مردن لە پەراوێزی مەرگی ئازیزێكەوە بۆ دروست دەبێت و هەڵچوونێكی زمانی و دەروونی دایدەگرێت و مەرگ بە نا قۆڵای ئاماژە ڕەش ناودەبات، دواتر هێور دەبێتەوە و بڕوا بەوحەتمیەتەی ژیان دەهێنێت، كە مەرگی تێدایە و هیچ دەرفەتێك نییە دەبێ مرۆڤەكان هەر بمرن، بۆیە ئەمجارەیان ئەتمۆسفێری زمان دادەبەزێت و بە هێورییەوە دەڵێت:-
گۆڕستان بە خورپەی ڕۆشنایی
باڵی باڵندەی ماندوو شوورە كرابوو
چووم لە چیای تاسەو ناوچەوان پڕ هەست
تامی ئاشنابوونەوە بكەم
دڵم بەرز كردەوە تا ئاستی دڵ پشكووتنێك.
گەر لە سەرەتای شیعرەكەدا، جۆرێك لە كاردانەوە بەرانبەر مردن، تووڕەیی لە هەست و دەروونی شاعیر هەبێت و فریشتەی ڕوحكێشان بە هێزێكی ڕەش ناوبەرێت، ئەوا دوای ئەوەی بیری دەكە ێتەوە كە مردن ڕووداوێكی حەتمییەو لە ژیانی هەموو بوونەوەرەكان ڕوودەدات، ئەمجارەیان بە هێمنی بڕوا بە مەرگی ئەو دێنێت و مردووەكان، وەك ڕۆشنایەك لە نێو گۆڕستانەكان كە هێمایە بۆ ژیانێكی دیكە دەبینێت. بۆیە بیر لەوە دەكاتەوە، كە ژیان لۆژێكێكی لە دوای مەرگی ئازیزانمانەوە هەیە، ئەویش لۆژیكی بەردەوامی دانە بە ژیان. لێرەوەش شاعیر بڕوا بەوە دێنێت، كە هەموو بوونەوەرەكان دەمرن و دوای مردنیشیان، نە سووڕی ژیانی ئەوانە دەوستێت كە ماون، نە ئەوانەشی كە مردوون، دەتوانن جارێكی دیكە لە ژیانی دنیادا زیندوو ببنەوە. لە بەرانبەر ئەوبژاردەیەدا، بژاردەی سێیەم نییە، بەو مانایەی یان دەبێت لەگەڵ مەرگی ئازایزان ئێمە خۆشمان كۆتایی بە ژیانی خۆمان بێنین، یانیش بڕوا بەو واقیعە بێنینین كە ژیان دوای مەرگی ئازیزانیش هەر بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، بۆیە دەبێ بژین و بمێنینەوە، تا ئەو ڕۆژەی وادەی مەرگی ئێمەش دێت. شاعیر لە سەرەتادا، نایەوێت بڕوا بەوە بێنێت كە ڕوودەدات و ڕوویداوە، بۆیە دژی دەوەستێتەوە، بەڵام دواتر كە دەزانێت مردن و ژیان تەواوكەری یەكترین وهەموومان هەر دەمرین، ئیدی وردە وردە هێور دەبێتەوە و ئومێدێك لای خۆی دروست دەكات، كە بتوانێت دوای مەرگی ئەویش هەر بژیت، بەبێ ئەوەی لەبیری بكات بەڵكوو لەگەڵ نەبوونییەكەی ڕادێت.

*تێبینی : كاتژمێر سفری مردن، شیعرێكی سەباح ڕەنجدەرەو لە دواین ژمارەی گۆڤاری ڕامان بڵاوكراوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر