دیدار و کۆبوونەوەی پارێزگاری هه‌ولێر و پارێزگار و سەرۆکانی شارەوانی و قائیمقامانی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی

ئه‌مڕۆ هەینی 2024.5.24،‌ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پەراوێزی سێیەم ڕۆژی (44)ەمین كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی، له‌ شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، بە یاوەری ڕێوان حسێن، لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی فەڕەنسا، چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی و قائیمقامانی ئەو وڵاتانە ئەنجامدا.

لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، جەحت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بە هێزکردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی فڕانکۆفۆنی کرایەوە و گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی زیاتر پەیوەندییە دبلۆماسی، ئابووری، گەشتیاری و هونەری و کلتوورییەکان کرا.

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و بەهێزکردنی جوڵەی بازرگانیش، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا لە هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی زۆر باش بۆ کارکردن هەیە و ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەر و کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هیواشی خواست پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی فڕانکۆفۆنی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێ.

جێگەی باسە، (44)ەمین كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، بەبەشداری (500) پارێزگار و سه‌رۆكی شاره‌وانی و قایمقام له‌ (50) وڵاتی جیاوازی جیهان لەژێر ناونیشانی (هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان، نێوه‌ندێك بۆ داهێنان) ڕێکخراوە.

ھەواڵی زیاتر