پلانیان هەیە داهاتی كەرتی گەشتیار لە ٢٠٢٤دا بگەیەننە ٦٠ ملیار دۆلار

كارزان گلی – هه‌ولێر

پلانی وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا بۆ ٢٠٢٤، تا ئاستێك ئامانجی خۆی نەپێكاوە، جا هۆكارەكەی هەڵاوسانی ئابووریی بێت یان گرانی نرخ، كەرتی گەشتوگوزار زیانی زۆری بەركەوتووە و ئەوەی توركیا چاوەڕێی دەكرد لە گەشتیار، لە چارەكی یەكەم و دووەمی ئەمساڵ نەهاتە دی.

پلانی توركیا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەو شێوەیە بوو كە٦٠ ملیۆن گەشتیار روو لە توركیا بكەن و داهاتی گەشتیاریش بگاتە ٦٠ ملیار دۆلار، بەڵام پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، داهات نەگاتە ئەو ئاستە و پلانەكە وەكوو خۆی نەیەتە دی.
لەریزبەندی شەشەم وڵاتی جیهانە لەژمارەی گەشتیار
رێكخراوی گەشتیاری جیهانیی (UNWTO)، لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، لە ٢٠٢٣دا توركیا پێشوازی لە ٥١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار گەشتیار كردووە و شەشەم وڵات بوو لە ریزبەندی جیهانیدا لەڕووی زۆری ژمارەی گەشتیارەوە، بەڵام لە ٢٠٢٢، توركیا لە ریزبەندی چوارەم وڵاتی جیهان بوو، كە زۆرترین گەشتیار رووی تێكردبوو.
لە ٢٠٢٢، ژمارەی ئەو گەشتیارە بیانییانەی روویان لە توركیا كردبوو ٥٠ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار گەشتیار بوو، بەو رێژەیە لەریزبەندی چوارەم وڵاتی جیهان بوو، واتە لە ٢٠٢٣دا، توركیا ٢ پلە لەریزبەندی حیهانیدا لە پاشەكشەیداوە و بووەتە شەشەم وڵات لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین گەشتیار رووی تێدەكەن..
فەڕەنسا، لە ریزبەندی یەكەم وڵاتی جیهانە كە لە ٢٠٢٣دا ٨٩ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار گەشتیار رووی تێكردووە، هەروەها ئیسپانیا پلەی دووەمی بەدەستهێنا كە ٨٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار گەشتیار رووی تێكردووە و ئەمریكاش پلەی سێیەمە بە پێشوازیكردنی لە ٧٩ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار گەشتیار.
هەروەها چین لە پلەی چوارەمدایە بە پێشوازیكردن لە ٦٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار گەشتیار و ئیتاڵیاش پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە بە پێشواریكردن لە ٦٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار.
رێژەی گەشتیاری توركیا لە ٢٠٢٤دا
لە چارەكی یەكەمی ٢٠٢٤دا، ژمارەی گەشتیار لە توركیا ٩ ملیۆن و ٦٨ هەزار گەشتیار بووە، داهاتی ئەو كەرتەش ٨ ملیار و ٨٠٠ هەزار دۆلار بووە.
وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، بەبەراورد بە ٢٠٢٣، رێژەی گەشتیار ١٦.٧٪ زیادی كردووە، بەڵام ئەو پلانەی دیاننابوو وا دەرنەچوو و ئەوان چاوەڕێی گەشتیاری زیاتریان دەكرد.
ئەگەرچی جارێ ٢٠٢٤ تەواو نەبووە بۆ ئەوەی بزانرێت داهاتی كەرتی گەشتیاری توركیا دەگاتە ٦٠ ملیار دۆلار یان نا، بەڵام موبێرا ئێرێسین، سەرۆكی یەكێتی هۆتێلەكانی توركیا، قسەی بۆ ئاژنسی (DW)ی توركی كردووە و پێیوایە، بەهۆی ئەوەی هەڵاوسان لە توركیا زۆرە و هەروەها نرخی هەموو شتێك گران بووە، بۆیە داهات ناگاتە ئەوەی كە وەزارەتی گەشتوگوزار دایناوە، بەڵام رێژەی گەشتیار دەگاتە ٦٠ ملیۆن.
بەڵام كەمال شاهین، سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆڵدینكی شاهینەكانی توركیا، پێیوایە توركیا دەتوانێت تا سەری ساڵ، داهاتی گەشتیاری بگەیەنێتە ٦٠ ملیار دۆلار.
شاهین، دان بەوەدا دەنێت كە لە توركیا نرخ گران بووە، بەڵام دەڵێت ناحەقی بەرامبەر بە توركیا دەكرێت كە دەڵێن، گرانترین وڵاتی جیهانە و پێشبینی دەكات نرخی هەموو شتێك لە توركیا هەرزان بێت، بەتایبەت ئەو شتانەی گەشتیار پێویستی پێیەتی.
كامیل ئۆزیل، شارەزای كەرتی گەشتیاری، قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە، دەڵێت كوالێتی شتەكانی توركیا، وەكوو هۆتێل و رێستوڕانت و زۆری تر، بەبەراورد بە ساڵانی پێشووتر زۆر هاتووەتە خوارەوە، ئەمە وای كردووە گەشتیار وەكوو پێویست روو لە توركیا نەكات.
ئۆزیل پێیوایە، خزمەت و كوالێتی بۆ گەشتیار زۆر گرنگە و نابێت توركیا فەرامۆسی بكات، بۆیە دەبینین لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، رێژەی گەشتیار وەكوو پێویست نەبووە.
هەر گەشتیارێك شەوی ١٠٠ دۆلار خەرج دەكات
توركیا لەلایەك هەوڵی ئەوە دەدات رێژەی گەشتیار زیاد بكات، لە لایەكی تر كار بۆ ئەوە دەكات، هەر گەشتیارێك كە دێتە توركیا، پارەیەكی زۆر خەرج بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا، لە ٢٠١٧دا، بۆ هەر شەوێك گەشتیار ٦٥ دۆلاری خەرج كردووە، بەڵام لە ٢٠٢٣دا ئەو رێژەیە بۆ ٩٩ دۆلار بەرز بووەتەوە و پلانیان وا داناوە بۆ ٢٠٢٤، هەر گەشتیارێك شەوی ١٠٦ دۆلار خەرج بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو شتێك لە توركیا بەڕێژەیەكی بەرچاو گران بووە، بۆیە زەحمەتە بتوانن لەمساڵدا هەر گەشتیارێك ١٠٦ دۆلار خەرج بكات.
زۆرترین گەشتیار لە رووسیا و ئەڵمانیاوە دێنە توركیا
گەشتیار لە هەموو وڵاتێكی دونیا روو لە توركیا دەكات، بەڵام زۆرترین گەشتیاری توركیا رووسی و ئەڵمانین.
لە ٢٠٢٣دا، گەشتیاری رووسی ٢٠.٦٦٪ تەواوی گەشتیاری توركیای پێكهێناوە و رێژەیان ٦ ملیۆن و ٣١٣ هەزار گەشتیار بووە. هەروەها لەئەڵمانیاشەوە ٦ ملیۆن و ١٩٣ هەزار گەشتیار رووی لە توركیا كردووە و بەریتانیاش پلەی سێیەمی هەیە بە ناردنی ٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیار بۆ توركیا.
بەڵام توركیا چاوەڕێی ئەوەیە، لە ٢٠٢٤دا، رێژەی گەشتیاری رووسیا بگاتە ٧ ملیۆن و نازانرێت ئاخۆ رێژەی گەشتیاری رووسی دەگاتە ئەو ئاستە یان ناگات؟

ھەواڵی زیاتر