قوربانیانی مین و بۆردومانەکانی ناوچە سنوورییەکان بە شەهید هەژمار دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەو کەسانەی بەھۆی مین و بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانەوە لە ناوچە سنووریەکانی ھەرێم گیان لە دەستدەدەن بە شەھید ھەژمار دەکرێن.

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت: بەھۆی بوونی پەکەکە لە ناوچە سنووریەکانی ئیدارەی سۆران بە دەیان ھاووڵاتیی سڤیل بەر بۆردومانی تورکیا و ئەو مینانەی لەلایەن پەکەکەوە دانراون کەوتوونە، بەوەش یان زامداربوونە یان شەھید بوونە، لە وەزارەتی شەھیدان یاسایەک ھەیە، بەپێی ئەو یاسایە ھەر کەسێک لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ شەھید بێت، بە شەھیدی سەنگەر ھەژمار دەکرێت، بەڵام ئەو ھاووڵاتییانەی بەھۆی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری، یان بەر مین دەکەون و گیان لە دەست دەدەن بە شەھیدی ھاووڵاتی تۆمار دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، گوتیشی: بۆ تۆمار کردنی ناوی ئەو کەسانەی کە دەبنە قوربانی بەتایبەتیش لە ناوچە سنوورییەکان بەھۆی بارودۆخی سەربازی، لیژنەی تایبەتمەند ھەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ڕووداوەکە دواتر بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت دەکرێن بە شەھیدی ھاووڵاتی یان شەھیدی سەنگەر.

ھەواڵی زیاتر