سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شرۆڤەکارێکی سیاسی: گەندەڵی لە عێراق زیادیکردووە

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، دۆسیەی گەندەڵی زیادی کردووە، هەروەها چەندین دۆسیەی جیاواز هەن کە تۆمەتبارەکان هەڵاتوون و دۆسیەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

عەلی ساحێب، شرۆڤەکاری سیاسی، لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و دزی، راگەیاند، “پرسی گەندەڵی تاوەکو ئێستا تەمومژاوییە و دەستکەوتی گەندەڵی جیاوازی تێدایە، هاوکات دۆسیەی گەندەڵی زیادی کردووە، هەروەها چەندین دۆسیەی جیاواز هەن کە تۆمەتبارەکان هەڵاتوون و دۆسیەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە”.

شرۆڤەکارە سیاسییەکە دەشڵێت: “پێویستە لەو بابەتە هیچ ئاسانکارییەک نەکرێت، چونکە کاریگەری لەسەر بودجە و سامانی گشتی عێراقەوە هەیە”، هەروەها ئەگەر باسی ئابووری ئێستای عێراق بکەین، کۆمەڵێک بەرپرس هەیە دەستیان لەودزیانە هەیە کە لە عێراق دەکرێت، بۆیە لە سەدا 80ـی بەرپرسانی عێراق گەندەڵیان کردووە.

عەلی ساحێب ڕاشیگەیاند، دەستەی دەستپاکی و دادگاکان و هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت، نەیانتوانیووە ئەو گەندەڵیانە ڕابگرن، بەداخەوە ئەوانەی گەندەڵی دەکەن بە شیوەیەکی هونەری دزییەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوکەسەی کەوا گەندەڵی و دزی دەکات، کەسێکی ئاسایی نییە، بۆیە ناتوانیت لە رێگەی پۆلیسەوە دەستگیری بکەیت و بیوەستێنیت، هەروەها ئەوانەی دزی و گەندەڵی دەکەن دوور نین لە حکوومەت و دەسەڵات، لەبەرئەوە سەختە ئەو دۆسیە چارەسەر بکرێت.

پرسی دزی سەدە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەند کەسێک دەستیان لە دەرهێنانی پارە بە شێوەیەکی نەختینەیی لە دەستەی گشتی باج لە ساڵانی 2021 و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەرهێنابوو، ئەمەش بە بڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت تەنانەت لە وڵاتێکدا کە هەمیشە لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە.

لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی رافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له‌ هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج پشتڕاست كرده‌وه‌، دادگای کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیەیە ده‌ركرد.

To رۆژی (1ـی شوباتی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسیەی دزی سەدە لە هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج بردرابوو، راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.