ماڵپەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆشدارییەكی بۆ هاووڵاتییان لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاو كردەوە.
لە هۆشدارییەكەدا شەش رێگە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە دیاری كراوە كە بریتین لەمانەی خوارەوە:-
یەکەم: پێویستە سەربڕینی ئاژەڵان لە سەربڕخانە بێت، بە فەرمی و بە مۆری پشکنین بکرێت؛ لەناو ماڵ و کۆڵان و سەر شەقام سەر مەبڕن.
دووەم: پێش و پاش سەربڕین، پشکنین بۆ گۆشتەکان بکرێت و دڵنیایی لە تەندروستییان بدرێت.
سێیەم: پێویستە ڕێکاری تەندروستی بۆ جلوبەرگی تایبەت و بەکارهێنانی کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان لەبەرچاو بگیرێت.
چوارەم: پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت كە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێنە ناو کوردستان.
پێنجەم: نەچنە ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە.
شەشەم: پێویستە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی فڕێ نەدرێتە سەر شەقام و کۆڵانەکان.
ئەم هۆشدارییەی حكوومەتی هەرێم لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری دهۆك تووشبوونی دوو كەس بە نەخۆشی تای خۆێنبەربوون راگەیەنرا كە یەكێكیان بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانی لەدەست دا