سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پرسەی ڕەئیسی و هاوەڵانی گەیشتە تاران

سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریی لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە تاران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی عێراق ڕایەگەیاند، محەممەد شییاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆ دەبێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسە و سەرەخۆشی خۆی و گەلی عێراقی، بەبۆنەی گیان سپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە و هاوەڵانی دەگەیەنێتە عەلی خامەنەیی.

ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار کە وەزیری دەرەوەی ئێران و دوو بەرپرسی باڵای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هاوڕێی بوون، لە باکووری ئەم پارێزگایە و لە ناوچەیەکی شاخاوی و لە ناو دارستانێکی چڕدا کەوتە خوارەوە.

ڕۆژی دووشەممە، 20ـی ئایاری 2024، حکوومەتی ئێرانی ڕایگەیاند، دوای زیاتر لە 18 کاتژمێر گەڕان  ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران، هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێران، بە تێکشکێنراوی دۆزراوەتەوە.

هەروەها سەرۆککۆماری ئێران بە یاوەری حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ محەممەد عەلی هاشم، ئیمام جومعەی تەورێز، مەلەک ڕەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، تیمی هەلیکۆپتەرەکان و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە، کە ژمارەیان 9 کەسە مردوون.

ھەواڵی زیاتر