“هەژماری من” وەرچەرخانێکی ئابووری لە سیستمی ئابووریی کوردستان دێنێتە ئاراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەم هەفتەیە مووچه‌ی مانگی نیسانی پازدە هه‌زار مووچه‌خۆر و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان به ‌شێوازی دیجیتاڵی له‌ڕێی ”هه‌ژماری من”ه‌وه‌ دابەش کرا، به‌مه‌ش كۆی گشتیی ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی كه‌ له‌م مانگه‌دا مووچه‌كانیان به‌شێوه‌ی دیجیتاڵیی بانکی وه‌رگرت، بۆ بیست و پێنج هه‌زار مووچه‌خۆر هه‌ڵكشا.

وەرگرتنی مووچە لە ڕێی خزمەتگوزاریی بانکیی ”هەژماری من” لە هەرێمی کوردستان شتێکی نوێیە و بۆیەش تا خەڵک لەگەڵ ئەم سیستمە ڕادێن و لە گرنگییەکانی تێدەگەن لەوانەیە کەمێک بخایەنێت، سیستمەکە ئەگەر بۆ کوردستان شتێکی نوێ بێت ئەوا وڵاتانی پێشکەوتوو دەمێکە لێ بوونەتەوە و بە بێ ئەو سیستمە لەوانەیە ژیان و کاری ڕۆژانەیان بە تەواوی بوەستێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵێکە لە ڕێی خزمەتگوزاریی بانکیی ”هەژماری من” دەیەوێت هەژماری بانکی بۆ تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە و تا ئێستە سەدان هەزار مووچەخۆر بوونەتە خاوەنی کارتەکە و پێدانیشی بەردەوامە و تەنانەت لای بەشێک لە کارمەندان بە پراکتیکی دەست بە دابەشکردنی مووچە بە هەمان سیستم کراوە.
لەم سیستمەدا مووچەخۆر کە خاوەنی کارتی بانکییە لە ڕێی پەیامێکی تەلەفۆنی SMS ئاگادار دەکرێتەوە کە مووچەکە هاتووەتە سەر هەژمارەکەی و لەو چرکەیەوە دەتوانێ سوودی لێ وەربگریت. هەفتەی ڕابردوو لە دەستپێکی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی دە هەزار کەس دابەش کرا و وەک بینرا مووچەخۆران لە بەردەم ئامێرەکانی ATM پارەکانیان بە کاش ڕاکێشا.
تا ئێستا به‌شێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی، شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و كاره‌با و چه‌ندانی دامەزراوەی تر مووچەکانیان خراوەتە سەر ”هەژماری من”.
بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری خزمەتگوزاری چاودێری بەسەر ”هەژماری من” هەر کاتێک مووچە خرایە سەر حسابی بانکیی فەرمانبەر یان هەر مووچەخۆرێک کە بووەتە خاوەنی هەژماری بانکی دەتوانێ ڕاستەوخۆ پارە لە هەریەکێک لە ئامێرەکانی ئەی تی ئێم پارەکەی بە کاش ڕابکێشێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و دووسەد ئامێری ئەی تی ئێم جێگیر دەکرێت و خاوەن کارت هەر کاتێك بخوازێت دەتوانیت هەر بڕەپارەیەک ڕابکێشیت بە مەرجێك لە باڵانسی هەژمارەکەی تێنەپەڕێت.
بەگوێرەی پڕۆسەی ڕاکێشانی پارەی کاش لەو ئامێرانە، کارتی بانکی دەخرێتە ناو ئامێری ئەی تی ئێم یان لە نزیک ئامێرەکە ڕادەگیرێت و ژمارەی نهێنی بەکارهێنانی کارتەکە لێ دەدرێت و ڕێنماییەکانی سەر شاشەکە جێبەجێ دەکرێ بۆ ئەو مامەڵەیەی کە کەسەکە دەخوازێت بیکات وەک دەرهێنانی پارە، پرسیارکردن لە باڵانس، یان گۆڕینی ژمارەی نهێنی بەکارهێنانی کارتەکە.
ڕاکێشانی مووچە لە ئامێری ئەی تی ئێمی سەر بە بانکی خۆت پارەی تێناچێت بەڵام لە کاتێکدا ڕاکێشانی پارە لە ئامێری ئەی تی ئێمی سەر بە بانکێکی جیاواز٠.٤%ی تێچوونی دەبێت کە بۆ هەر ملیۆنێک چوار هەزار دینارە.
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی گەشەی ئابووری لە وڵاتانی دنیا بە تایبەتی وڵاتە پیشەسازییەکان پەیوەستە بە سووڕانەوەی سەرمایە، بانکەکانیش لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بانکەکانی کوردستان لە ڕابردوودا بێبەش بوون لەم ڕۆڵە و ماوەی ساڵێکە حکوومەت لە ڕێی ”هەژماری من” لە هەوڵدایە ڕۆڵی بانک و بەشداریی تاک لە چالاکییە ئابووری و داراییەکان بە ئامانجی پێشکەوتنی ئابووری و بەستنەوەی بازاڕەکانی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهان بەرجەستە دەکات.
کۆمەڵێک بانکی باوەڕپێکراو کە لە بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە و متمانەی نێودەوڵەتیشیان هەیە لە پڕۆژەی ”هەژماری من”دا بەشدارن و ژمارەی بەشداربووان مانگ بە مانگ زیاد دەکات .
بەپێی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا جگە لەوەی کە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەم کارتە وەردەگرن ئەوا هەر بەو کارتە دەتوانن قەرز وەربگرن و بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە گەڵ بانکەکان کراوە لە ساڵی داهاتوودا مووچەخۆر دەتوانێت تا سەدوپەنجا ملیۆن دینار قەرز ڕاکێشێت و بۆ پڕۆژەکانی بەکاری بێنێت. بەدەر لەمە لە دەرەوەی وڵاتیش دەتوانێت سوود لە هەژمارەکەی وەربگرێت و هەموو پڕۆسەیەکی کڕینی دیجیتاڵی هەر لە ڕێی کارتە بانکییەکەیەوە دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر