یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

به‌ بڕیاری سەرۆکی حکوومەت شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری سه‌وز ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگه‌یاند؛ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی پارك و شوێنی سه‌وزایی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر- موسڵ، ده‌ستی پێكرد و تێچووه‌كه‌ی له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌ دابینكراوه‌، هاوكات دوو ڕۆژی دی، به‌ردی بناغه‌ی پاركی ڕه‌شكین داده‌نێین.

١٨ی ئایاری ٢٠٢٤، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی به‌شێكی دیكه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی موسڵ ده‌ستیپێكرد و ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان گوتی، ئێمه‌ لێره‌ین بۆ هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی پارك و سه‌وزایی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ڕێگه‌ی موسڵ، كه‌ هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و ڕێنوێنی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و گوتی، ” تێچووی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌ دابینكراوه‌”.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار باسی له‌وه‌كرد، ئه‌و یه‌كتربڕه‌ی سه‌وز ده‌كرێت، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌روازه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شاری هه‌ولێر، كه‌ له‌ شاری موسڵه‌وه‌ ڕوو له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ی و ڕووبه‌ره‌كه‌ی دوو سه‌د و پێنج هه‌زار مه‌تر دووجایه‌.
ساسان عه‌ونی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، له‌م پڕۆژه‌یه‌ دا، نزیكه‌ی سی هه‌زار دار و ده‌ هه‌زار گوڵ و نه‌مانی بچووك ده‌چێندرێت و ڕووبه‌ری بیست هه‌زار مه‌تر دووجاش به‌ چیمه‌ن و فریز سه‌وز ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش له‌ پڕۆژه‌كه‌دا بیرێكی ئاو لێده‌درێت بۆ ئاودانی دار و چیمه‌نه‌كه‌ و دوو خه‌زانی گه‌وره‌ی ئاو و سیسته‌می ئاودێریش هه‌یه‌.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ سه‌وزكردنی ڕێگه‌وبان و شاری هه‌ولێر، له‌پێناو گۆڕین و باشتركردنی ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وای شاری هه‌ولێره‌، هه‌روه‌ها به‌خشینی سیمایه‌كی جوانه‌ به‌ شاره‌كه‌، ساسان عه‌ونی گوتی، “ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ شاری هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ دوو ڕۆژی دادێ، به‌ردی بناغه‌ی پاركی ڕه‌شكین داده‌نێین و ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌”.
به‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی و بایه‌خدان به‌ ژینگه‌ و جوانتركردنی سیمای شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ١٤ی ئایاری ٢٠٢٤یش، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ ڕێوڕسمێكدا، پڕۆژه‌ی سه‌وزكردنی ئاڵوگۆڕكه‌ری شه‌قامی سه‌د و په‌نجا مه‌تری ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر- شه‌قڵاوه‌ یان كرده‌وه‌.
ئه‌م پڕۆژه‌ش له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه‌ به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ سێ ملیار و شه‌ش سه‌د و نه‌وه‌ت ملیۆن دینار جێبه‌جێكراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر.
له‌ پڕۆژه‌كه‌دا زیادتر له‌ چل و پێنج هه‌زار داری گه‌وره‌ و بچووك چێندراوه‌ و له‌گه‌ڵ چاندنی بیست هه‌زار گوڵی جۆراوجۆر، هاوكات له‌ ڕووبه‌ری بیست و سێ هه‌زار مه‌تر چیمه‌نی هه‌میشه‌ سه‌و چێندراوه‌، له‌ پڕۆژه‌كه‌دا دوو بیری ئاو و دوو عه‌مباری ئاو و سیسته‌می ئاودان هه‌نه‌.
پڕۆژه‌كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م و به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر، به‌ دیزاینێكی سه‌رده‌میانه‌ی ناوازه‌ ته‌واوكراوه‌.