د. ڕافل یاسین خزەیر، سەرۆکى دەستەى چاودێریی دارایی عێراق:لە هەرێمى کوردستانداین و سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران ڕەزامەندى داوە هەر کەیس و فایلێک کە بمانەوێت وردبینیی لێ بکەین

“دکتۆر ڕافل یاسین خزەیر”، سەرۆکى دەستەى چاودێریی داراییی عێراق ئێستا لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانە و سەرەڕاى کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیرى دارایی و سەرۆکى دەستەى چاودێریى داراییی حکوومەتى هەرێم، سەرقاڵى وردبینییە لەسەر بودجە و وەک خۆى گوتى: “سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى تەواویان داوە لەسەر کردنەوەى هەر دەرگا و فایلێک کە خوازیاری وردبینى بن لەسەرى”.

ـ بەخێر بێن بۆ کوردستان، پلانى کار و چالاکییەکانتان لە کوردستان چۆنە و مەبەستى هاتنەکەتان چییە؟
د. ڕافل یاسین: ئێمە وەکو دەستەی چاودێریی دارایی بە پێی یاسای ژمارە ٣١ ساڵی ٢٠٢١ى زایینى کار دەکەین، ئه‌ویش لە چوارچێوەی یاساکانی دەستە کە بریتییە لە یاسای ھاوبەشی و هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ دەستەی چاودێریی و داراییی ھەرێمی کوردستانی ـ عێراق. هه‌روه‌ها یاسای چاودێری و دارایی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ بە ڕوونی لە بەندێکدا باسی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەستەی چاودێری و داراییی ھەرێم و حکوومە‌تی فیدڕاڵی دەکات و لەژێر ڕۆشنایی ئەوەشدا چەندین کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن و سەردان لە نێوان ھەردوو دەستەكه‌ لە بەغدا ساز درا بۆ تێپەڕاندنی ھەموو قورساییەکان و بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لە بواری ڕاھێنان و بەرەوپێشبردن بۆ خزمەتکردنی زیاترى وڵاتەکەمان. لە یاسای ژمارە ٣٣ ساڵی ٢٠١١، ناوەرۆکی ماددەی ١١ چەندین لق و ڕوونکردنەوەی تێدایە کە داوا لە دەستەی چاودێری دەکا بەدواداچوون بۆ بوودجەی پێویستی ھەرێمی کوردستان بکات، هەربۆیە بۆ ساڵی ٢٠٢١ى زایینى و بە ھاوکاری و هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ دەستەی چاودێریی داراییی ھەرێمی کوردستان و لەژێر ڕۆشنایی ئەم ناوەرۆکەش لێژنەیەک بۆ سەردانكردنی ھەرێمی کوردستان ئامادە کرا.
ئەو لیژنەیەش لە ناوەڕاستی مانگی ٦ بۆ یەکەمجار چەندین قۆناغی بڕی و دواتر کارکردن وەستا، بەڵام ئێستا بە سەردانێکی تایبەت و لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمى کوردستان هاتووین و لەگەڵ کاک خالید سەرۆکی دەستەی چاودێریی داراییی ھەرێم کۆ بووینەتەوە و ھەماھەنگیمان لە بەرزترین ئاستدایه‌. دوێنێش بە یاوەریی د. خالید و مامۆستا عه‌بدولحەکیم سەردانێکمان ھەبوو بۆ لای کاک ئاوات وەزیری دارایی و بەڕێزیان دووپاتی کردەوە لەسەر پێداگری و خۆشحاڵی حکوومەتی ھەرێم بۆ ھەماھەنگی و نەھێشتنی ڕێگرییەکان لەبەردەم هەردوو دەستەی چاودێریی داراییی عێراق و ھەرێم بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی كه‌ پێمان سپێردراوە بە پێی یاسایی ڕێکخستنەوەی بوودجە بۆ ساڵی ٢٠٢١.
ـ خۆتان چەندە گەشبینن بە سەردانەکەتان و چارەسەرى کێشەکان؟
د. ڕافل یاسین: لەبەر چەند ھۆکارێکی ته‌كنیكی کارکردن لە نێوان ھەردوو لایەن وەستا، بەڵام دەستی بەسەرداگیراو تێپەڕێندرا، ئەمرۆش گڕووپەکەمان دەستپێشخەری کرد و کاری مەیدانی ئەنجام دا، لە دوێنێوە چەندین کاری چڕی مەیدانی و کۆبوونەوە کراوە. گەشبینین و ھەموو براکانمان لە یەکەکانی چاودێری لەگەڵ دەستەی چاودێریی ھەرێم پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن و تائێستا ڕێکارەکانی ھاوکاری زۆر باشە، بەھیواین بەردەوام بین بۆ سەرکەوتنی کارەکەمان بە زووترین کات.
ـ حکوومەتى هەرێم ئاسانکارى بۆ چاودێرى و بەدواداچوونەکانى ئێوە کردووە؟
د. ڕافل یاسین: پابەند بەو نووسراوەی کە سەرۆکی دەستەی چاودێریی داراییی ھەرێم ناردوویەتی، ڕەزامەندی فەرمی حکوومەتی ھەرێم و پەیامێکى زارەکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم دووپات کراوەتەوە لەسەر کردنەوەى ھەموو دەرگا و فاییلەکان بۆ دەستەی چاودێریی دارایی حکوومەتی ئیتیحادی بۆ ڕاپەراندنی کارەکان.

ـ ڕێکارەکانى دواى سەردان و ڕاپۆرتەکەتان چ دەبێت بەرامبەر کوردستان؟
د. ڕافل یاسین: تەواوکردن و ئامادەکردنی ئەرکەکانمان لە کاتێکی دیاریکراودا ده‌بێ تا ڕاپۆرتەکەمان بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکوومە‌تی ئیتیحادی بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی تر. بۆیە ھیوای سەرکەوتنی ئەرکەکە بۆ ھەردوو لامان ده‌خوازم، بەڵکو ئەمەش ببێتە ھۆی گەڕانەوەی دۆخێکى باشترى دارایی لە نێوان ھەردوو لایەن کە لە ساڵی ١٩٩١ وەستاوە، یان ڕوونتر بڵێین گەمارۆ دراوە، بۆیە هەوڵ دراوە کە بە شێوەیەکی فەرمی و بە بەڵگەی فەرمییەوە چارەسەری ھەموو کێشەکان بکرێت و ڕێکارەکانیش تەواو ببن، بێگومان زۆر گەشبینینە لەم بارەوە.

ھەواڵی زیاتر