دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

ژنێکی ئازا

ئیسابێل ئالەندێ کە لە دووی ئابی ١٩٤٢دا، لە (لیما)ی پایتەختی (پێرو) لەدایک بووە، یەکێکە لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسە هەرە ناودارەکانی (شیلی) و ڕەنگە بەناوبانگترین خاتوونەنووسەری لاتین ئەمریکایش بێت. باوکی کە دیپلۆمات بوو، ئامۆزای سیلڤادۆر ئەلێندێ بوو، ئەوی لەنێوان ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٧٣دا سەرۆکی شیلی بوو. لە گەلێک زانکۆی ئەمریکا، دەرسی ئەدەبی گوتووەتەوە و ساڵانێکە لە کالیفونیا دەژی. (ماڵی خێوەکان) کە ١٩٨٢ بڵاو بووەوە و کودەتا خوێناوییەکەی ١٩٧٣ی شیلی بەسەر دەکاتەوە، بە باشترین ڕۆمانی ئەو ناوی دەرچووە و (شاری جانه‌وه‌ران)یش یەکێکی دیکەیە لە ڕۆمانە ناودارەکانی کە بۆ مێردمنداڵانی نووسیوە و ٢٠٠٢ بڵاو کراوەتەوە. ١٩٩٤ خەڵاتی گابریللا میستراڵ وەردەگرێت کە تا ئێستا تاقە ژنە لە هەموو لاتین ئەمریکادا خەڵاتی نۆبێڵی پێ بەخشرابێت.
ئیسابێل ئالەندێ بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی دەنووسێت، واقیع و ئەفسانە، شەڕ و خۆشەویستی تێکەڵ بە یەک دەکات، ژن لە کنی هەمیشە لە سەنتەردایە و سەروەختی نووسین، بوێرییەک شک دەبات، ڕەنگە ئازاترین پیاو، ئیرەیی پێ ببات. کە باس لە ئەدەبی ڕیالیزمی ئەفسووناوی دەکرێت، ناوی ئەمیش لەگەڵ ناوی گابریل گارسیا مارکیزدا دێت. هەر بە منداڵی هەزار و یەک شەوەی خوێندووەتەوە و ڕۆمانەکانی پڕن لە سەفەرنامەی خەیاڵی و لە شاری ئەفسووناوی. سێ ڕۆمانی بە فیلم کراون، یەکێکیان (پاوڵا)ی ناوە و بەسەرهاتی مەرگی پاوڵای کچیدەگێڕێتەوە کە بە بیست و هەشت ساڵی گیانی لە دەست داوە.
شاژنی (کاستیلیا) ئەوەی عەرەب پێی دەڵێن قەشتالە که‌ مێرده‌که‌ی ده‌مرێت، هێنده‌ی خۆش ده‌وێت، دڵی نایه‌ت به‌ خاكی بسپێرێت، دوو ساڵ شاره‌ و شار ده‌یگێڕێت و ناوبه‌ناو سه‌ری تابووته‌که‌ی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و به‌و ئومێده‌ی زیندوو ببێته‌وه‌، لێوه‌کانی ماچ ده‌کات. ئەمە وەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە دەیگێڕنەوە نەک ئەفسانە. خاتوو (ئینێس سوارێز)یش (١٥٠٧ – ١٥٧٠) کە کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)ی (ئیسابێل ئالەندێ)یه‌ و بیرەوەریی خۆی دەگێرێتەوە، کەسێکی ڕاستەقینە بووە نەک زادەی خەیاڵ، مێردەکەی لە پێناوی زێردا، بەرەو لاتین ئەمریکا بەڕێ کەوتووە، ئەمیش لەپێناوی دۆزینەوەی ئەودا، هەمان ڕێی گرتووەتە بەر. ئینێس مێردەکەی نابینێتەوە، ئاخر پێش ئەوەی ئەم بگاتە ئەوێ، ئەو گیانی لە دەست داوە. ئینێس لەوێ دەکەوێتە داوی ئەڤینی (پێدرۆ)وە کە گەورەئەفسەرێکی ئیسپانیایی بووە و دە ساڵی تەواو لەو دەڤەرەی دواتر بە (شیلی) ناوی ڕۆیشتووە، لەگەڵیدا ژیاوە.
ئیسابێل ئالەندێ نە ژنێکی ئاسایییە، نە قسەی ئاسایی دەکات، هێندە بوێرانە دەپەیڤێت، بابسالاران ناهەقیان نییە، ئەگەر لێی بتۆقن، ئاخر بە هەق مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەریان. ژنانی فێمینیست زۆرن، وەلێ ڕەنگە کەس هێندەی وی، هونەرمەندانە داکۆکی لە فێمینیزم نەکردبێت. (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)ی ئیسابێل ئالەندێ، ڕۆمانێکە ژن نووسیویەتی، گێڕەرەوە تێیدا ژنە و قارەمانەکەیشی هەر ژنە، ڕۆمانێکە هێنده‌ هونەرییانە نووسراوە، خوێنه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ جۆرێک شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووە دێرینه‌ ده‌بێت که‌ نووسه‌ر ده‌یگێڕێته‌وه‌، هه‌ر ده‌ڵێیت سیحری لێ کراوه‌.
ئینێس سوارێزی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی(ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم،) ژنێکە پڕ بە مانای وشە، ئازا و ئازاد، لە ڕێی بەدیهێنانی خەونەکانی خۆیدا، سڵ لە هیچ مەترسییەک ناکاتەوە و کام ڕێ سەخت و ترسناکە دەیگرێتە بەر. کە بە پیاوێک سەرسام دەبێت، هێندە دڵسۆزانە و وەفادارانە خۆشی دەوێت، هەمیشە ئامادەیە گیانی خۆی بە قوربانی بکات و هەرگیز ناپاکیی لێ ناکات. ئینێس ژنێکە لە سەدەی شازدەیەمدا، وەک ژنێکی مۆدێرنی ئەم سەروەختە هەڵسوکەوت دەکات، هەڵسوکەوتێکی هێندە خۆڕسک کە هەمیشە جێی بڕوای خوێنەرە. ئەو هاوزەمان کابان، پەرستار، جەنگاوەرێکی بەجەرگیشە و لە گەشتێکدایە، هەر لە سەفەرێک دەچێت بە ناو دۆزەخدا. ئینێس له‌و ژنه‌ جوانانه‌یە که‌ تا به‌ ساڵدا بچن، جوانتر ده‌بن، له‌و ژنه‌ سه‌رچڵانەیە که‌ له‌ ڕوانگه‌ی که‌نیسه‌وه‌، شیاوی ئەوەیە له‌ یه‌کێک له‌ مه‌نجه‌ڵه‌کانی دۆزه‌خدا بکوڵێنرێت.

ھەواڵی زیاتر